Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، عەتا شێخ حەسەن رایگەیاند، شاندی گفتوگۆكانی پارتی لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت دەكات، ئاماژەی بەوەشكرد تا ئێستا جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لایەنەكانی تر خۆیان ساغ نەكردووەتەوە كە ئایا بەشدار دەبن لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم یان وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە.
عەتا شێخ حەسەن لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی عورفی هەڵبژاردن لایەنی براوەی یەكەم گفتوگۆ دەكات لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت، ئەگەر پلەبەندی هەڵبژاردنیش حساب بكرێت ئەوا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێجگە لەوەی هاوبەش بووە لەگەڵ پارتی لە 26 ساڵی ئەزموونی حوكمڕانی كوردستان، ئێستا هێزی دووەمە لەسەر گۆڕەپانەكە و یەكەم هێز بوو لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن كە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە حوكمڕانی داهاتوو".
ئەو گوتی: "گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكان لە یەكێتی-یەوە دەست پێ دەكاتەوە، دواتر بزووتنەوەی گۆڕان-ە كە ئامادەیی دەربڕیوە بەشداربێت لە كابینەی نوێی حكوومەت، بەڵام لایەنەكانی تر تا ئێستا خۆیان ساغ نەكردووەتەوە كە ئایا بەشدار دەبن لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم یان وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە، هەر لایەنێك ئامادەیی دەرببڕێت كە بەشداربێت لە كابینەی داهاتوو ئەوا بەدڵنیایییەوە سەردانی دەكرێت".
گوتەبێژەكەی پارتی باسی لەوەشكرد کە لە دوای دەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران لە لایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی و دیاریكردنی ئەندامانی شاندی گفتوگۆكانی حزبەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا، گەڕی دووەمی گفتوكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ دەكات.
عەتا شێخ حەسەن ئەگەری پێكهێنانی حكوومەت لە ماوەیەكی نزیكدا دەبەستێتەوە بە گونجانی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئیرادەی حزبەكەی كە كار بۆ دامەزراندنی كوردستانێكی بەهێز دەكات و گوتی:
"وادەی زوو پێكهێنانی حكوومەت دەكەوێتە سەر لایەنە سیاسییەكان، كارنامەی پارتی بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزە و ئەگەر هێزە سیاسییەكان بە ئیرادەی بنیاتنانی كوردستانی بەهێز بێنە ناو كابینەی حكوومەتەوە ئەوا پێشبینی دەكەم لە ماوەیەكی كورتدا كابینەی نوێی حكوومەت پێكبێت، دەبێت ئەو ئیرادەیە لای هێزە سیاسییەكان بە شێوەیەكی گشتی بخەمڵێت، چونكە ئێمە درووشممان بۆ هەڵبژاردن و بەڵێنمان بۆ خەڵك بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز بوو ئەوەش بە بوونی چاككردنی بژێوی ژیانی خەڵك و دروستكردنی دەسەڵاتێكی بەهێز و كوردستانێكی دەستووری و پێناسەی ئایندەی سیستمی حوكمڕانی كوردستان دەكرێت كە ئایا چ جۆرە سیستمێك بێت، ئەمانە هەموو ئەو چەمك و كەیسانەن كە كارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ حكوومەتی داهاتوو، ئەگەر هێزەكان ئیرادەی ئەم چەمكانە لەناو سروشتیاندا بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان بەرجەستە ببێت ئەوكات رەنگە پێكهێنانی كابینەكە زۆر نەخایەنێت".
ئەو گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان كارنامەی خۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو كارنامەیەدا دەبێت هێزە سیاسییەكان ئەم كارنامەیەیان لە لا قبووڵ بێت و بەڵێنی تەرجومەكردنی ئەم كارنامەیە بدەن كە بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستانی تیادایە دوور لە دیدی حزبی".
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڕی یەكەمی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی خۆیدا لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوە، لایەنەكانی تری سەركەوتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان جگە لە نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە بە فەرمی بەشدارینەكردنی حكوومەتیان راگەیاندووە، تا ئێستا لایەنەكانی تر بەتایبەت كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان چاوەڕوانی كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكەن لەسەر پرسی پێكهێنان و بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ.
گوتەبێژەكەی پارتی لە بارەی ئەگەری دوورخستنەوەی ئەو لایەنانە لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێ دوا و گوتی: "پارتی كێشەی لەگەڵ هیچ هێزێكی سیاسی نییە لە هەرێمی كوردستان و هێڵی سووری بەرامبەر هیچ هێزێك نییە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت، بەڵام تا ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی ئەو ئامادەییەیان دەرنەبڕیووە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت و رەنگە لەناو ماڵی خۆیان بۆ خۆیان ساغ نەكردبێتەوە، مەرجیش نییە هەر هێزێكی سیاسی لە هەڵبژاردن چەند كورسییەكی بەدەستهێنا بەشداربێت لە حكومەتداری، دەكرێت هەندێك هێزیش لە دەرەوەی بەڕێوەبردنی هەرێم بن و ببنە ئۆپۆزسیۆن، گرنگ ئەوەیە ئەو هێزانەش كە لە دەرەوەن و ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی بن بەشێكن لە كایە سیاسییەكە".
پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ساڵانێكی زۆر لە مانەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران لە لای نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی نوێی حكوومەتدا كاندیدێكی نوێی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاریكرد كە مەسرور بارزانی دەبێت، عەتا شێخ حەسەن لە بارەی پلان و ئەگەری گۆڕانكاری گشتگیر و هێنانە پێشەوەی کەسایەتی نوێ لە پۆستەكانی دیكەی حكوومەتدا قسەی كرد و گوتی:
"پارتی بەرنامەی كاری خۆی هەیە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و دروستكردنی حكوومەتی هاووڵاتی، چونكە خەڵكی هەرێم زۆر ماندووە و بەرگەی زۆری قەیران و قوربانی گرتووە، بۆیە پارتی بەرنامەی هەیە بە دانی ماف بەو خەڵكەی كە لە ئاست ئەركی سەرشانیان بوون و قۆناغی ئەوە هاتووەتە پێشەوە كە ماف بدرێتە خەڵك، قۆناغی ئەوەشە هەموو هێزە سیاسییەكان لە ئەركەوە سەیری داهاتووی كایەی سیاسی بكەن لە هەرێمی كوردستان".
ئەو هەروەها گوتی: "گۆڕانكاری ریشەیی دەكرێت لە كۆی ستاف و ئەو كارەكتەرانەی كە لە داهاتوودا پۆستی وەزاری یان پۆستی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن".