Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی ئەو حزبە، عەبدولڕەزاق شەریف لە بارەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی نیشتمانی ناوخۆیی حزبەكەی و گۆڕانكارییەكانی ئەو كۆنفرانسە، هەروەها پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و بڕیاری حزبەكەی لە بارەی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەت قسەی كرد.
لە دوایین كۆبوونەوەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە رۆڵی مەكتەبی سیاسی دەگێڕێت لەناو گۆڕاندا، بڕیاری ئەنجامدانی كۆنفڕانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان درا.
عەبدولڕەزاق شەریف لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ئەو كۆنفڕانسە و وادەی ئەنجامدانی دوا و گوتی: "بەپێی دەستووری بزووتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی ئەركی پێداچوونەوەیە بە كاروباری چوار ساڵی رابردوو لە ئەدا و بەرنامەی سیاسی گۆڕان و كاری رێكخراوەیی و بەرنامە و پڕۆژە دانان بۆ چوار ساڵی ئایندە، ئەركێكی تری پێداچوونەوەیە بە دەستووری بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر بە پراكتیك كێشە و كەموكوڕییەك هەبووبێت لە دەستوورەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ هەمواركردنەوەی".
ئەو گوتی: "كۆنفرانسەكە بە هۆی كۆچی دوایی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دواكەوتووە، ئێستا ژووری هەڵبژاردن لەناو گۆڕان ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو كۆنفرانسە دەستپێكردووە و ماوەی دوو مانگیان دەوێت بۆ ئامادەكارییەكان، بەو هۆیەشەوە كۆنفرانسەكە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو".
عەبدولڕەزاق شەریف سەبارەت بە دەسەڵاتی گۆڕانكاری بەرپرسانی باڵای حزبەكە لەم كۆنفڕانسەدا گوتی: "ئەركی كۆنفرانسەكە گۆڕانكاری دەبێت لە بەرنامە و پەیڕەو و دەستووری ناوخۆیی گۆڕان، گۆڕینی كەسی یەكەم و خانەی راپەڕاندن و سەركردایەتی گۆڕان لەم كۆنفرانسەدا ناكرێت و ئەو گۆڕانكارییانە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكاندا دەكرێت كە هەر شارێك نوێنەری خۆی بۆ جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت، رێكخەری ژوورەكان لەسەر پێشنیازی سكرتێری ژوورەكان و دوای پەسەندكردنیان لە لایەن جڤاتی نیشتمانی و رێكخەری گشتی دادەنرێن، هەروەها گۆڕانكاری لە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بەپێی دەستووری ناوخۆی گۆڕان دووساڵ جارێك دەبێت و مانگی تەمووزی ساڵی داهاتوو وادەكەی كۆتایی دێت".
لە بەشێكی دیکەی لێدوانەكەیدا و لە بارەی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداریکردنی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكوومەتدا، ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلایكردەوە، هەنگاوی دووەم پێویستە ئەو كاندیدەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بهێنێت و دادگای باڵا ئەو كاندیدە بۆ ئەو ئەركە رابسپێرێت، ئەو كات ئەو كاندیدە و تیمەكەی دێن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكەن".
عەبدولڕەزاق شەریف گوتیشی: "وەك بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا هیچ بڕیارێكی بۆ چوونە ناو حكوومەت یان نەچوون نەداوە، جڤاتی نیشتمانی دوایین بڕیار دەدات لەو بارەیەوە".
هەروەها گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی لە بارەی داواكاری پۆست و دیاریكردنی كاندید لە لایەن گۆڕانەوە دەكرێت هیچ بنەمایەكیان نییە و نە داوای پۆستمان كردووە نەوەك كەسیش هیچ پۆستێكی خستبێتە بەردەستمان، سەردانی یەكەمی شاندی پارتی وەك شاندێكی حزبی بووە و قسەوباس لەسەر حكوومەت و پۆست و وردەكارییەكان نەكراوە، بەڵكو ئاڵوگۆڕی بیروڕا بووە لەسەر چۆنییەتی حكوومەتی نوێ".
بەرپرسەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و دیاریكردنی كاندیدی ئەو پۆستە دوا و گوتی: "ئێمە كێشەمان لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم نەبووە و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستانمان كردووە، داوای ئێمە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی داوایەكە سازشی لەسەر ناكرێت و ئامانجی گۆڕان-ە، هەروەها پێمان وایە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەست پێ دەكات، بۆیە ئەو كاتە وا كەوتەوە كە ئێمە كێشەمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكایەتی هەرێم هەیە ئەوە نەیارەكانمان وایان كرد تاوەكو پڕۆسەی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی و چارەسەركردنی كێشەكان لە هەرێم".
بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان بە 25 كورسی پەرلەمانی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشداری حكوومەتیان نەكرد و بوون بە ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا، بەڵام لە خولی پێشووی پەرلەمان كە خاوەنی 24 كورسی پەرلەمان بوون بەشداری حكوومەتیان كرد و ژمارەیەک پۆستی گرنگ لەوانەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و چەند وەزارەتێكیان وەرگرت، لەم خولەشدا كە خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانن بەگوتەی بەشێك لە بەرپرسانی حزبەكە خواستی بەشداریكردنی حكوومەتیان هەیە و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆ و دانوستاندان.