Hawkar Yaseen
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
دوای مشتومڕ و گفتوگۆیەکی چڕی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک لەسەر دیارییکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک دواجار لەسەر سێ بازنە رێککەوتن و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش رێککەوتنەکەی پەسەندکرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی پێدا.
یەکێتی و پارتی-یش وەک دوولایەنی سەرەکی کورد، قایلبوونی خۆیان بە دیارییکردنی بازنەکان دەربڕی و دەنگیشیان پێدا.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رزگار حاجی حەمە کە پێشتر لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبەش بوو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "دیاریکردنی بازنەکان بە رەزامەندی هەموو لایەک بووە بەبێ جیاوازی و هەموو لایەنە کوردییەکان دەنگیان لەسەریداوە، پێمان وایە میکانیزمێکی باش و گونجاوە و هیچ مەترسی لەدەستدانی کورسی بۆ کورد تیادا نابینین".
رزگار حاجی حەمە گوتیشی: "دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک بەو جۆرەی ئێستا دەتوانین بڵێین دابەشکارییەکی دادپەروەرانەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بێ جیاوازی".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خسرۆ گۆران رایگەیاند "دوێنێ تاوەکو کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیان لە پەرلەمانی عێراق بووین، دوای چەندین شەڕ، مشتومڕ، بایکۆت و قسەکردن گەیشتین بە رێککەوتنێکی مامناوەند، لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان کە هەرسێ لامان رازیبین پێی، رێککەوتنەکە پڕبەدڵی ئێمە نییە سەد لە سەد، بەڵام ئەوە واقیعێکە".
خسرۆ گۆران لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە حەزمان دەکرد کەرکووک یەک بازنەبوایە وەک پێشتر، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو یاسا نوێیە دەبێت هەر پارێزگایەک ببێتە چەند بازنەیەک، کەرکووک-یش وەک هەر پارێزگایەکی دیکە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی خۆی دەبێتە سێ بازنە، بازنەی باکوور/ رۆژهەڵات، بازنەی ناوەڕاست و بازنەی باشوور/ رۆژئاوا".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خسرۆ گۆران دەربارەی شێواز و میکانیزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەپێی بازنەکان گوتی: "بازنەی باکوور / رۆژهەڵات، ٩٩ لەسەدی دەنگدەرەکانی کوردە کە پێنج کورسی دەبێت، بازنەی ناوەڕاست تێکەڵاوە لە عەرەب، تورکمان و کورد و چوار کورسی دەبێت، بازنەی باشوور / رۆژئاوا کە ٩٩ لەسەدی عەرەبە و سێ کورسی دەبێت".
پێشتر کورد گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی بە مەترسی بۆسەر ژمارەی کورسییەکانی دەزانی بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکووک، بەڵام بەگوتەی پارتی و یەکێتی ئەم رێککەوتنە ئەو مەترسیەی لەسەر کەرکووک رەواندەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رزگار حاجی حەمە راشیگەیاند "ئەو بازنانەی کە دیاریکراوە رێژەی کوردی تێدا زۆرە ئیتر ئەکەوێتە سەر ئاستی بەشداری دەنگدەری کورد لە هەڵبژاردنەکەدا، هەتاوەکو ئاستی بەشداری زیاتربێت دەتوانین کورسی زیاتر بەدەستبهێنین و نوێنەری زیاترمان لە پەرلەمان هەبێت".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی-یش، خدرۆ گۆران رایگەیاند "مەترسی هەیە یان نا لەسەر دەنگی کورد؛ ئەوە دەکەوێتە سەرئەوەی تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە هەر لایەنێک کاری گونجاو بکات بۆئەوەی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت، بەپێی پیشبینی خۆم پێموایە دەتوانین شەش کورسی بەدەستبهێنین و شەڕبکەین بۆ کورسی حەوتەمیش".
لەبارەی ئەوەی چەند لایەنی کوردی بە رێککەوتنەکە رازیبوون، خسرۆگۆران رایگەیاند "ئێمە و یەکێتی بەتایبەتی پێی قایلبووین و لایەنە کوردییەکانی دیکەش ئامادەبوون لەوێ لەکاتی گفتوگۆکان و رازیبوون".