hamza mansur
07 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2016
ئەمڕۆ وەزیرانی فراكسیۆنی كوتلە كوردستانییەكان بڕیاریان دا كۆتایی بە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بهێنن كە ماوەی مانگێكە بەهۆی میكانیزمی گۆڕانكارییە وەزارییەكان كە عەبادی پشتی پێ بەستبوو، بایكۆتیان كردووە.
لەمبارەیەوە ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سیروان عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەزیرانی دارایی، رۆشنبیری، كۆچ و كۆچبەران" كە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانن، ئەمڕۆ گەڕانەوە نێو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران".
عەبدوڵڵا باس لە هۆكاری گەڕانەوەی وەزیری كوردەكان بۆ نێو حكوومەتەكەی عەبادی دەكات و دەڵێت: "ئەو پاڵنەڕە كە وای كرد وەزیرە كوردەكان بگەڕێنەوە نێو حكوومەتەكەی عەبادی بوو، رەوشی ئێستایە چونكە ئێمە نامانەوێت ببێنە لایەنێك لە كەڵەكەبوون و قووڵبوونەوەی قەیرانەكان".
عەبدوڵڵا ئاماژە بەوەش دەكات، ناڕەزاییەكانی كورد لەسەر ئەو بڕیارە هەڵانە بوو كە عەبادی لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وەزاری گرتییەبەر و لەوبارەیەوە هیچ تێگەیشتنێكی لەگەڵ لایەنی كوردی نەبوو، لە ئێستاشدا قەیران و دابەشبوون لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە و قۆناغی داهاتوویش، ئامادەبوونی هەموو لایەنەكان بۆ تێپەڕبوون لە كێشە و قەیرانەكانی پێویستە.
لەلایەكی دیكەوە ئەندامی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە ساڵح مەهدی سەبارەت بە گەڕانەوەی وەزیرە كوردەكان بۆ نێو حكوومەتەكەی عەبادی رایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوە وەزیرە كوردەكان بۆ نێو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران پەیوەستە بەم دۆخەی ئێستا كە وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت.
مەهدی هەروەها گوتی: "قۆناغی ئێستای عێراق و رواندنەوەی قەیرانەكان، ئەوە دەخوازێت كە هەموو لایەنەكان، كۆتایی بە ناكۆكییەكانی نێوانیان بهێنن".
ئەندامەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی ئاماژە بەوەش دەكات، گەڕانەوەی وەزیرە كوردەكان بۆ نێو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەنگاوێكی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەریی قەیرانەكان.
مانگی رابردوو، وەزیرە كوردەكان و ئەندامانی فراكسیۆنی كوتلە كوردستانییەكان لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی ئەو میكانیزمە كە عەبادی بۆ گۆڕانكاری وەزاری پشتی پێ بەستبوو ناڕەزاییان دەربڕی و بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشیان كرد كە ئەمە ئەوەندە قەیرانەكان لە عێراق قووڵتر كردەوە.