Abdullah Shukur
06 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2016
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فەڵاح مستەفا بەکر رایگەیاند کە ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ساڵی ١٩٩١ لە دژی سەدام لە لایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کوردەکان ئەنجامدرا بووە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ئێستا بەرەنگاری کوردەکان دژی داعش بەردەوام بێت.
فەڵاح مستەفا لە کۆبوونەوەی پەیمانگای ھزری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە بۆنەی ٢٥ەمین ساڵیادی "جموجۆڵی دڵنیایی و ئاسوودەیی" کە لە دژی سەدام ئەنجامدرا، وتارێکی پێشکەش کرد.
ھاوکات بەرپرسی ھێزەکانی ھاوبەشی جموجۆڵی دڵنیای و ئاسوودەیی ژەنەراڵ ئەنتۆنی زینی لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو.
فەڵاح مستەفا بە خوێندنەوەی نامەیەکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی قسەکانی دەستیپێکرد و گوتی: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامدرا، بەدەر لەوەی گیانی سەدان ھەزار کوردی رزگارکرد، بووە جێگەی ھیوای ئێمە".
راشیگەیاند کە ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ساڵی ١٩٩١ لە دژی سەدام لە لایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کوردەکان ئەنجامدرا بووە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ئێستا بەرەنگاریی کوردەکان دژی داعش بەردەوام بێت.
فەڵاح مستەفا ئاشکراشی کرد کە سەدام حوسێن کۆمەڵکوژی کوردەکانی کرد و لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ داعش ھەمان شت دووبارە دەکاتەوە. ئێمە بە ئازایەتییەکی زۆر دژی ئەمانە شەڕ دەکەین. بەڵام کێشەمان ھەیە لەوانەش کێشەی ئابووری".
لە لایەکی دیکەش ژەنەراڵ ئەنتۆنی زینی لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد رایگەیاند کە تورکیاش بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە و تیایدا ٢٣ ھەزار و ٢٤٢ سەرباز بەشداربوون و کۆی گشتی ٨٠ رۆژ بەردەوام بووە.
زینی ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە ٣٧ تۆن ھاوکاری مرۆیی لە ئاسمانەوە بۆ کوردەکان خراوەتە خوارەوە.
زینی ئاماژەی بەوە دا کە مەبەست لە ئۆپەراسیۆنی دڵنیایی و ئاسوودەی پاراستنی کەمپی پەنابەران بووە.
لە کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، سەدام حوسێن کوردەکانی بە پاڵپشتی ئێران تۆمەتبار کرد جگە لە راگواستن و کۆمەڵکوژ کردنیان، فەرمانی بۆردومانی ھەڵەبجەی دەرکرد. بەم پێیەش فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ ھەڵەبجەیان کیمیاباران کرد و بە هۆیەوە پێنج ھەزار کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە حەوت ھەزار کەسیش برینداربوون.
ئۆپەراسیۆنی دڵنیایی و ئاسوودەیی بەمەبەستی پاراستنی کوردەکان لە دژی ھێرشەکانی سەدام حوسێن لە ساڵی 1991 ئەنجام درابوو.