Zana Natık Kerem
10 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەرپرس دەبێت لە بەڕێوبردنی دۆسیەی ئەمنی شارۆچكەی شنگال.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لایەنی ئەمنی نێو رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی رەوشی شارۆچكەی شنگال-ی ئاشكرا كرد و گوتی: "لەو رێككەوتنەی كە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی قەزای شنگال كراوە، تیایدا ئاماژە بەوەدراوە كە پۆلیسی فیدرال سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەرپرس دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی شارۆچكەی شنگال".
گوتیشی:"هەر لەو رێككەوتنەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە دەبێت حكوومەتی فیدرال بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەشەوە لایەنی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە شارۆچكەی شنگال بەڕێوەببەن و كەسێكیش لەناو شارۆچكەی شنگال هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ئیدارەی شارۆچكەكە بەڕێوەببات".
پێشتر گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاندبوو كە هەردوو حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەكە.
ئەم رێككەوتنە، گەڕانەوەی سەقامگیری لە شنگال لەگەڵ ژمارەیەك خاڵێكی تایبەت بە كارگێڕی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت و هەروەها ئەم رێككەوتنە بەهاوشانی لایەنی كارگێڕی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا لەخۆدەگرێت بە لەبەرچاوگرتنی داواكارییەكانی دانیشتوانی قەزاكە.
هەورەها لایەنی ئەمنی لە رێككەوتنەكەدا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرال بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێت، لایەنی خزمەتگوزارییەكەیش لە ئەستۆی بەرپرسیاریەتی لیژنەی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی فیدرال، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا دەبێت.
دوێنێ هەینی، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەوەكالەت، عەبدولحەكیم خەسرۆ و سوپاسالاری پێشمەرگە، جەمال ئیمینكی و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، عیسمەت ئەرگوشی گەیشتە بەغدا.