بەغدا
نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە وڵاتانی جیهان كرد سزای توندی ئابووریی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشدا بسەپێنن كە ئێستا زەوییەكی بەرفراوانی لە عێراق و سوریا كۆنترۆڵكردووە.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆن لە راپۆرتێكدا بە توندی بەرزبوونەوەی ئاستی هێرشە چەكدارییەكانی داعش لە عێراق ئیدانە كرد و رایگەیاند: هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی هێرشە چەكدارییەكانی داعش رەوشی ئاسایشی عێراق رۆژ بە رۆژ بەرەو ئاڵۆتر و خراپتر دەڕوات.
هەر لەو راپۆرتەدا مۆن هانی وڵاتانی جیهانی داوە كە سزای زۆر توندی ئابووریی بەسەر رێكخراوی داعش بسەپێنن و رێگەش نەدەن چەك رەوانەی ئەو رێكخراوە بكرێ بۆ ئەوەی چالاكییەكانی لەوە زیاتر پەرە نەسەنێ. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ماوەكانی رابردوودا راپۆرتی تیمی نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی هەڵسەنگاند كە لەبارەی رەوشی ئاسایشەوە خرابووە و روو و لە راپۆرتەكەشدا ئاماژەی بەوەدرابوو، كە عێراق بە رەوشێكی ئاسایشی زۆر خراپ و ئاڵۆز تێدە پەڕێ.
لە لایەكی دیكەوە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نیكۆلای ملادینۆڤ لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق كرد كە بە پەلە هەوڵەكان لە پێناو پێكهێنانی حكومەتی تازە بگرنەبەر و دووپاتیكردەوەكە یۆنامی بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە پاڵپشتی كارەكانی پەرلەمانی تازە بكات.
لە راگەیاندراوێكدا ملادینۆڤ متمانەی خۆی لەبارەی سەرخستنی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كە دوێنێ هەڵبژێردرا پیشان دا و ئاماژەی بەوەداوە، كە سەرجەم كوتلە سیاسییەكان پشتیوانی كارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازە. لە بەشێكی رایگەیاندراوەكەدا نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەنگاوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران كە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بە هەنگاوێكی دیكەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیموكراتی و سیاسی لە عێراق لەقەڵەمدا و هیوای خواست ئەو هەنگاوە بە خێرا پێكهێنانی حكومەتی تازەی لێبكەوێتەوە.
ئەمەش بۆ چەند جارێكە نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بكات كە بە پەلە و خێرا بۆ پێكهێنانی حكومەت بچوڵێنەوە.
دوێنێش وەك یەكەم هەنگاو بۆ هەڵبژاردتی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی تازە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی كوتلە سیاسییەكانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژارد كە بریتی بوو لە سەرۆك و دوو جێگرەكەی.
بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، هەر یەك لە سەلیم جبووری بە سەرۆك و حەیدەر عەبادی بە جێگری یەك و ئارام شێخ محەمەد بە جێگری دووەم هەڵبژێردران.