هەولێر - AA
ئازادی کارکردن و رەخساندنی دەرفەتی کاری یەکسان، مافێکی سرووشتی مرۆڤە و لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات کە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستبەکاربوونی پەرلەمانتارانی کوردستان، هەوڵی هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک لەبەرژەوەندی کرێکاران دەدەن و، راشیدەگەیەنێت کە بەهۆی سەرپێچی خاوەنکارانەوە لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پڕۆژە دراونەتە دادگا و ئاشکرایشی دەکات کە هێڵێکی گەرمیی پەیوەندییکردنییان داناوە تایبەت بەو کرێکارانەی مافەکانییان پێشێل دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ساڵی رابردوودا کەمتر لە ٤ هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان بوونە و لە ئێستاشدا بەرپرسانی ئەو وەزارەتە مۆڵەت دەدەنە کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە سەنتەری بەکارخستنی کرێکاری خۆماڵی دابمەزرێنن بە مەبەستی بوژاندنەوەی دۆخی ئابووری و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان و ماوەیەکیش دەبێت دەنگۆی سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ هەرێم هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار، عارف حیتۆ سەبارەت بە سنووردارکردنی کرێکاری بیانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "هەروەک لە ماددەی ٢٣ی یاسای کار و، بەپێی رێنماییەکانی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٥، هەر کرێکارێکی بیانی ئەگەر بیەوێت بێتە هەرێمی کوردستان و ئەگەر ئەو کرێکارە ئەو کارامەییەی نەبێت ئەوا پێویستە دوو کرێکار فێری کار بکات، بۆیەش بۆ هێنانی هەر کرێکارێکی بیانی بۆ پڕۆژەکان، پێویستە دوو هەفتە زووتر داواکارییەک لە رۆژنامەی ناوخۆیی بڵاوبکرێتەوە، ئەگەر هیچ کەسێکی خۆماڵی بەو کارە رازی نەبوو، سەندیکای کرێکارانیش هیچ تێبینییەکییان نەبوو، ئەو کاتە رێگایان پێ دەدرێت بێنە هەرێمی کوردستان".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەیان بۆ سەردانیکردنی پڕۆژەکان و هەڵسەنگاندییان بۆ پێویستیی کرێکاران هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان، زاخۆ و سۆران کە کارخستن لەم شوێنانە هەیە، لیژنەمان هەیە و سەردانی پڕۆژەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە کرێکار هەیە یان نا، نەک پڕۆژەیەک بڵێت پێویستمان بە سەد کرێکار هەیە و کرێکارەکان بێنە هەرێم و پاشان بڕۆنە سەر شەقامەکان بەدوای کاردا بگەڕێن، لەبەر ئەوە لیژنەکان سەیر دەکەن ئەگەر پێویستییەکانی ئەو پڕۆژەیە لەناوخۆ هەبوو، ئەوا پێویست ناکات کرێکار لە دەرەوە بێت بۆ پڕۆژەکە، ئەگەر ئەو پیشەیە لە ناوخۆ نەبوو، ئەوا بەپێی رێنماییەکان دەتواندرێت کرێکار لە دەرەوە بێت".
عارف حیتۆ گوتیشی: "بابەتی دووەم بریتییە لە کرێکاری خزمەتکاری ناو ماڵان، چونکە بەپێی کولتووری کورد، هیچ ئافرەت یان پیاوێک قبوڵی ئەوە ناکات لەناو ماڵی کەسێکی دیکە خزمەت بکات، هەر بەپێی کولتووری کوردستانیش کوڕ و کچەکان حەز ناکەن دایک و باوکە پەککەوتەکان ببەن بۆ خانەی بەساڵاچووان، بۆیە پێویستیان بە کەسێک هەیە کە یارمەتییان بدات، لەبەر ئەوە هاتنی ئەو جۆرە کرێکارانە بەبێ راگەیاندنی پێشوەختە رەزامەندییان پێ دەدرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی چونکە بارودۆخی دارایی وەک جاران نەماوە بۆیە رێژەی کرێکارەکان سەدا ٦٠ کەم بووەتەوە".
ژمارەی کرێکارانی بیانی بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ چوار هێندە دابەزیووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی پڕۆژەکان و لەبارەی داتا و ئامارەکانی ساڵانەی کرێکارانی بیانیی لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "لە ساڵی ٢٠١٥، دە هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کورستان بوون بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ رێژەکە دابەزی و لە ساڵی ٢٠١٧ بوو بە ٤ هەزار کرێکار و، لە ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ٣ هەزار و ٧٠٠ کرێکاری بیانی لە هەرێم هەبوون، لەو رێژەیەش تەنیا ٤٢٧ کەس کرێکاری پڕۆژەکانن، ئەوانی دیکە هەمووی خزمەتکاری ناو ماڵن".
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار ئاماژە بەوە دەکات کە یاساکانی مافی کرێکار کۆنن و پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە بەجۆرێک لەگەڵ بارودۆخی سەردەم بگونجێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بۆ زیاتر رێکخستنەوەی کاروبارەکانمان، لەگەڵ کابینەی نوێ پێویستمان بە هەموارکردنەوەی یاساکان هەیە، بۆ ئەوەی زیاتر ئاسانکاری بۆ کرێکاری ناوخۆ بکرێت، لە ئێستادا مۆڵەت دەدەینە کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە سەنتەری بەکارخستنی کرێکاری خۆماڵی دابمەزرێنن، بۆ دوو بابەتی سەرەکی، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت پێی ببووژێتەوە، چونکە ئەوەش بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو بە یاسای ٤ی ساڵی ٢٠١٢ کە ئەوەش ئەو کرێکارانەی کەرتی تایبەت دڵنیاببن کە هەموو مافەکانییان پارێزراو دەبێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا و، بە تەواوی کە یاساکە تێبگەن، بۆیە ئامانجی سەرەکی ئێمە بوژاندنەوەی کەرتی تایبەتە چونکە هیچ وڵاتێک بەبێ بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت پێشناکەوێت، ئامانجی دووەمیش کەمکردنەوەی رێژەی بێکارییە، کە دەرفەتی کار زیاتر دەبن، ئەو کەسانەی کە دەچنە سەرکار لە کرێکارە خۆماڵییەکان زیاتر دەبن، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری".
عارف حیتۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە قەیرانی دارایی کاریگەری نەرێنیی کردووەتە سەر حکوومەت و کەرتی تایبەت و لەم چوارچێوەیەشدا هەوڵی ئەوە دەدەن کرێکارە خۆماڵییەکان لە کارەکانییان بەردەوام بن و لەمبارەیەوە دەڵێت: "کاتێک قەیرانی دارایی دروست بوو کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جومگەکان دروست بوو بە پلەی یەکەم حکوومەت و بە پلەی دووەم کەرتی تایبەت، کەرتی تایبەت بەپێی یاسای کار مافی ئەوەیان هەیە قەبارەی پڕۆژەکانییان بچووک بکەنەوە، بۆیە کاتێک پڕۆژەکانییان بچووک دەبێتەوە ئەوا کۆتاییهێنان بە گرێبەستی کرێکارەکانیش کەم دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا کاتێک سەردانی ئێمە دەکات و سەیری پڕۆژەکە دەکەین ئەوا داوایان لێ دەکەین کە وا باشترە کۆتایی بە گرێبەستی کرێکاری بیانی بهێندرێت نەک کرێکاری خۆماڵی".
تا ئیستا لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی یاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ دەکرێت هەرچەندە ساڵی ٢٠١٥ یاسای ژمارە ٣٧ لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، بەڵام چونکە پەرلەمانی کوردستان ئەو یاسایەی پەسەند نەکردووە بۆیە هەر پەیڕەوی یاسای ساڵی ١٩٧٨ دەکرێت و ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی یاسای ساڵی ١٩٨٧ هەموو مافەکانی کرێکار تییدا پارێزراون و هەر کۆمپانیایەک پێشێلی ئەو یاسایە بکات ئەوا دەدرێتە دادگا و لەمبارەیەوەش دەڵێت: "لە زۆربەی وڵاتان وایە کاتێک لیژنەکان سەردانی کۆمپانیاکان دەکەن، کرێکاران دان بەوەدا نانێن کە کاری زیادیان پێ کراوە یان مووچەکەیان لە کاتی خۆیدا نەدراوە، لەوانەیە ترسی لەوە هەبێت کە کۆتایی بە گرێبەستەکەی بهێندرێت، لە زۆربەی سەردانەکاندا، کرێکارەکان بە ئێمە دەڵێن هیچ کێشەمان نیە، بەڵام بۆ ئەو کرێکارانەی کە ترسیان هەیە لەخاوەنکار، ئەوا هێڵێکی گەرمی پەیوەندیکردنمان داناوە بە ژمارە ٥٥٠٠ و دەتوانن بەشێوەیەکی خۆڕایی پەیوەندی بەو هێڵەوە بکەن و ناونیشانی شوێنەکەی بدرێت و کێشەکە روون بکاتەوە و لیژنەکە سەردانی شوێنەکە دەکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنکار و کرێکارەکە دەکرێت و دەتوانرێت کێشەکە چارەسەربکرێت".
دکتۆر عارف حیتۆ دەشڵێت: "بەپێی یاسا، هەر کرێکارێک ئاگاداری ئێمە بکاتەوە کە پڕۆژەیەک کاری زیادەی پێی کردووە بەبێ پێدانی پارەی کاری سەرەڕایی، یان لەمیانی مۆڵەتی خۆیدا کاری کردووە و پارەی ئەو کارەی پێ نەدراوە، ئەوا بێگومان ئەو پڕۆژەیە دەدرێتە دادگا، بۆیەش لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی سەرپێچییەوە ٦٩ پڕۆژەمان داوەتە دادگا، لە هەمانکاتدا ئەو کرێکارە بیانییانە هەمان ماف و ئیمتیازاتی کرێکاری خۆماڵیان هەیە جگە لەوانەی لە سلکی دیپلۆماسی کار دەکەن".
بەپێی یاسا و رێنماییەکانی مافی کرێکار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سندوقێک دانراوە بەناوی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانی کەرتی تایبەت و تایبەتە بە وەرگرتنی رێژەی سەدا ١٧ی مووچەی کرێکاران و ئەمەش لەکاتی خانەنشینی بۆ کۆتایی خزمەت و پێداویستی دیکەی کرێکارەکە بەکاردێت.
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار، دکتۆر عارف حیتۆ سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "هەر کەسێک کار نەکات ئەوا دەستەبەری کۆمەڵایەتی لێ وەرناگیرێت، ئەوەیشی کە کار دەکات، بەپێی مووچەکەی سەدا ١٧ی لێ وەردەگیرێت و لەو رێژەیەش سەدا ١٢ خاوەنکار دەیدات و سەدا ٥ کرێکارەکە دەیدات، ئەو پارەیەش دەچێتە سندوقێک و پێی دەڵێن سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانی کەرتی تایبەت و لەوێ دادەنرێت و ئەو کەسەی کە دەستەبەرکراوە مافی لەو سندوقە هەیە چ بۆ خانەنشینی بێت چ بۆ پاداشتی کۆتایی خزمەت".
دکتۆر عارف حیتۆ گوتیشی: "خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ نشینگە هەیە و کارێکار پێویستە دەستەبەرکراوبێت و ناکرێت کەسێک بە گرێبەستی کار هاتبێت و کار نەکات ئەوا ئەوکات دەبێت ڤیزای سەردان وەربگرێت. یاسای ساڵی ١٩٧٨ پەیڕەوی دەکەین، داوامان لە رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، کە یارمەتیمان بدەن لە داڕشتنی رەشنووسەکە و مانگێک خەریک بووین و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کرد و بۆ ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی شورا و لەوێ بچیتە پەرلەمان" و ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کابینەی داهاتوو لە پلانیاندایە کە یاسای کار جارێکی دیکە بگەڕێننەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکانیشدا گوتی: "یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و یاسای ساڵی ١٩٧١، یاسای خزمەتگوزاری پیشەوەران لە ساڵی ١٩٨٧ پێویستە هەموار بکرێتەوە لە ئێستاشدا نزیکەی ٢٠ هەزار مۆڵەتی پیشەورامان داوە، بەڵام رەنگە ١٠٠ هەزار کەس لە بازاڕدا کار بکات و ئەمەش بەپێی یاساکە رێکدەخرێتەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

