Heman Hussein Yaseen
01 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2024
هەولێر - AA
لە هەرێم زیاتر لە ١٦٥ هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و لەمیانی ئەمساڵیشدا، چوار کرێکار لە کاتی کارکردن گیانییان لەدەستداوە، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش داوا لە کرێکاران دەکات کە لەسەر مافی خۆیان بێدەنگ نەبن و هەوڵبدەن خۆیان دەستەبەر بکەن.
لە یادی ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، مەریوان بەگۆک عەزیز، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکێک لە کارەکانی ئێمە پاڵپشتی کرێکارانە لە بوارەکانی خۆیاندا و بریتییە لە دەستەبەری کرێکاران، بە داخەوە زانیاری هەڵە لەمبارەیەوە بە کرێکاران دەدرێت بەوەی هەندێکیان وا دەزانن ئەو بڕە پارەیەی لە کرێکاران دەگێڕدرێتەوە لە دەستیان دەچێت، بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی زۆر لە کرێکارەکان ڕۆژانە سەردانمان دەکەن و چەکی خزمەتی کارکردنییان وەردەگرن و پارەکە وەکو پاداشت وەردەگرنەوە، ئەوانەیشی کە تەمەنی یاسایی تەواو دەکەن و خزمەتیان ١٥ ساڵ بێت ئەوا دواتر خانەنشین دەکرێن و مانگانەی خۆیان وەردەگرن و مووچەکانییان دوا ناکەوێت چونکە لە سندووقی خانەنشینان پێیان دەدرێت".
لەبارەی ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە میانی ئەمساڵدا خانەنشینکراون، مەریوان بەگۆک عەزیز گوتی: "ژمارەی ئەو کرێکارانەی بۆ ئەمساڵ خانەنشیانکراون بریتیین لە ٨٨٠ کرێکار، بۆیە پێویستە کرێکاران لەسەر مافی خۆیان بێدەنگ نەبن، هەوڵبدەن خۆیان دەستەبەر بکەن، بەپێچەوانەوە مافەکانییان دەفەوتێت".
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەرکراون بریتیین لە ١٦٥ هەزار کرێکار، هەروەها ساڵی ڕابردوو هەشت کرێکار و ئەمساڵیش تا ئێستا چوار کرێکار لەمیانی کارکردندا گیانییان لەدەستداوە و بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەلامەتی کرێکاران بۆ ئەوان گرنگە و بە پێویستیشی دەزانێت کە کرێکاران تا دەتوانن هەوڵی پاراستن و سەلامەتی خۆیان بدەن لە کاتی کارکردندا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو ١٣٧ هەزار کرێکار دەستەبەرکرابوون، بۆ ئەم مەبەستەش ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە عێراق، ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری وڵاتان پشووی فەرمییە و چەندین بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران بەڕێوەدەچێت
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە پەیوەندی وەزیفی فەرمانبەران لەگەڵ کارکردن لە کەرتی گشتییدا، مەریوان غەزیز بەگۆک گوتی: "فەرمانبەران دەتوانن لە کەرتی گشتی کار بکەن، بەڵام ئەوانەی پلەی وەزیفییان لە نێوان شەش بۆ یەک پلەی وەزیفییە، پێویستە ڕەزامەندی سەرۆکی فەرمانگە یان وەزیر وەربگرێت و دەتوانێت لە کەرتی تایبەت کار بکات، باوەڕناکەم هیچ بەرپرسێکیش بۆ ئەم مەبەستە ڕەزامەندی نەدابێت".
رۆژی یەکی ئایاری ھەموو ساڵێک بە رۆژی جیھانیی کرێکاران یان جەژنی کرێکاران ناسێندراوە، ئەمەش پەیوەستە بە رووداوێکی ١٣٨ ساڵ لەمەوبەر کە تیایدا کرێکارانی شاری شیکاگۆ لە ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاریان کرد و لەژێر دروشمی 'ھەشت کاتژمێر کارکردن، ھەشت کاتژمێر پشوودان و ھەشت کاتژمێر خەوتن'، بەھەزاران کرێکار ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک کرێکار کوژران و، دواتر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە کۆنگرێسی ئەمریکا یەکی ئایاری وەک ڕۆژی کرێکاران بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و تیایدا داواکارییەکانی کرێکاران چەسپێنران و کاتژمێرەکانی کارکردن کەمکرانەوە.