ئابووری, عێراق

پسپۆڕێکی یاسا نێودەوڵەتییەکان: “ئێران فراوانکردنی غازی سرووشتی هەرێم بە مەترسی بۆسەر خۆی دەزانێت”

Heman Hussein Yaseen  | 02.05.2024 - نوێکردنەوە : 05.05.2024
پسپۆڕێکی یاسا نێودەوڵەتییەکان: “ئێران فراوانکردنی غازی سرووشتی هەرێم بە مەترسی بۆسەر خۆی دەزانێت”

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

ئێوارەی ٢٤ی نیسان، هێرشێکی دڕۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە چوار کارمەند گیانییان لەدەستدا و هەشت کارمەندی دیکەش برینداربوون و دواتریش کۆمپانیای داناغاز کارەکانی بەشێوەیەکی کاتی لە کێڵگەکە ڕاگرت و ڕایگەیاند کە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنییاندا دەکەن.

پسپۆڕێکیی یاسا نێودەوڵەتییەکان باس لە هۆکارەکانی هێرشەکە دەکات، نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا، هەروەها هەناردەکردنەوەی​​​​​​​ نەوت بە هۆکاری هێرشەکە دەزانێت و بە دووریشی نازانێت ئێران لە پشت هێرشەکەوە بێت.

پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان، ئەوەش دەخاتەڕوو تاکە دراوسێی عێراق تەنیا ئێرانە کە غازی سرووشتی دەفرۆشێتە عێراق و ساڵانە پارەیەکی زۆری بۆ دابیندەکرێت لە میزانییەی عێراق بۆ بەردەوامبوونی کارەبا، بۆیە فراوانکردنی غازی سرووشتی لە ھەرێمی کوردستان، ئێران ئەم کارە بە مەترسی بۆسەرخۆی ھەژمار دەکات.

پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێرشەکەی سەر کۆرمۆر چەند ھۆکارێکی ھەیە، لەوانەش ئەو نزیکبوونەوەیەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەتایبەت دوای سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا، هەروەها هۆکارێکی دیکە هەموو ئەو هەوڵانەیە کە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکرێت، کەواتا مەترسییەک هەیە کە ئەو لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر بەرژەوەندی هەندێک لە لایەنەکان، لەناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوروبەر و هەرێمیش".

ئەو پسپۆڕەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەوەش دەخاتەڕوو کە فراوانکردنی پڕۆژەی غازی سرووشتی و هەناردەکردنی، ڕەنگە ببێتە هۆی دابینکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی بوودجەی ساڵانەی وەزارەتی کارەبای عێراق کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر هەندێک لایەن دەبێت.

لەمبارەیەوە دکتۆر کرمانج یونس عوسمان گوتیشی: "لە لایەکی دیکەوە هەروەکچۆن هەرێم توانی سەرکەوتووبێت لە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بە هەمانشێوە ئەو لایەنانە ترسیان لەسەر ئەوە هەیە کە هەرێم بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە هەناردەکردنی غازی سرووشتی بەتایبەتی چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە، چونکە هەرێم ناوچەیەکی ئارامە لە ڕووی ئاسایشەوە، ئەمەش ترسی لەلای ئەو وڵاتانە دروست کردووە بەوەی ڕەنگە ئەم پڕۆسەیە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئەم پیشەسازییە، لەوەش دەترسن کە عێراق لە ماوەی داهاتوودا پشت بە هەرێم ببەستێت بەتایبەتی لە دابینکردنی کارەبا، هەروەها کەمکردنەوەی بوودجەی حکوومەت کە ساڵانە بوودجەیەکی گەورە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق تەرخان دەکرێت و تاکو ئێستاش عێراق کێشەی کەمی کارەبای هەیە چونکە کەمی کێشەی کارەبا واتا پاشکەوتنی عێراق لە ڕووی پیشەسازییەوە".

ئەو پسپۆڕەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بەدەستێتەوە و هاوکات هێرشەکە بە هۆشدارییەک دەزانێت بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی فراوانکردنی کەرتی غاز لە هەرێم و لەمبارەیەوە گوتی: "عێراق هەوڵدەدات لە ڕێگای تورکیا و هەندێک لە وڵاتانەوە کار بۆ ڕێگای گەشەپێدان بکات، خاڵی یەکەمی پڕۆژەکە لەوە دەست پێدەکات کە کارەبایەکی باش دابینبکرێت بۆ عێراق چونکە ئەگەر کارەبایەکی باش نەبێت ئەوا کارگەکان ناتوانن بەردەوام بن، کارەکانی هێڵی شەمەندەفەریش بە نموونە، کەواتا دەتوانین بڵێین ئەو هێرشکردنەی سەر کۆرمۆر وەکو هۆشدارییەک وایە لە هەنگاوی یەکەم کە دەڵێت ئێمە دەتوانین لە ڕێگای دڕۆنەوە مەترسی بۆ ئەو ناوچانە دروست بکەین، بێگومان ئەوەش پێویستی بە پاراستنی ئاسمانیی عێراق و هەرێمیش هەیە".

لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەشەوە، پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان گوتی: "هەرچەندە باشتروایە کە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین، بەڵام پێشبینییەکان پێمان دەڵێن یان ئەو گرووپە میلیاشیایانەن کە لەناو عێراقن و سەر بە ئێرانن، یان ئێرانە، بە دڵنیاییەوە ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو کارە ناکات لەبەر کاردانەوەی نێودەوڵەتی، هەروەها بەشێوەیەکی ئاشکراش ئەم هێرشە ناکات چونکە عێراق بەشێوەیەکی فەرمیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆیە گومان دەکرێت لە سنووری نێوان عێراق - ئێران هەندێک لە گرووپە میلیشیاکان بە هەماهەنگی تەکنیکی ئێران ئەو کارەیان ئەنجام دابێت، ئەمە تا ئێستا پێشبینییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەبێت ئەوە دەربخەن کە ئایا ئەم دڕۆنە چۆن داخلی ئاسمانی عێراق بووە".

دکتۆر کرمانج یونس عوسمان گوتیشی: "تاکە دراوسێی عێراق، ئێرانە کە غازی سرووشتی دەفرۆشێتە عێراق و ساڵانە پارەیەکی زۆری بۆ دابیندەکرێت لە میزانییەی عێراق بۆ بەردەوامبوونی کارەبا، بۆیە ئێران فراوانکردنی غازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان بە مەترسی بۆسەرخۆی هەژمار دەکات، چونکە عێراق لەم بوارەدا پشت بەخۆی دەبەستێت و ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بوودجەی ئێران، هەروەها ئێران لە ژێر سزای نێودەوڵەتی و ئەمریکادایە، بۆیەش دەترسێت قازانجەکانی کەم بکاتەوە و غازی سرووشتی خۆی بۆ ساغ نەکرێتەوە".

دکتۆر کرمانج یونس عوسمان پێیوایە هەروەکچۆن کێڵگەکە لە زەوییەوە دەپارێزرێت، پێویستە لە ئاسمانیشەوە پارێزگاری لێ بکرێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دوای دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، دەتوانرێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ئەنجامدەرانی تۆمار بکرێت.

پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان گوتیشی: "دوای ئەو هێرشە ئەگەر جۆری هێرشەکان گۆڕدرا، بێگومان لەم حاڵەتەدا کاردانەوەی بەدوادا دێت، دەبێت عێراق کۆمەڵێک هەنگاو بنێت بۆ ئەم بابەتانە بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکرێت و ئەنجامدەرانی سزا بدرێن، هەروەها لە ڕێگای جی پێ ئێس دەتوانن دەستنیشانی ئەو شوێنە بکرێت کە دڕۆنەکانی لێوە ئاراستە کراوە، ئەگەر دەرکەوت لە وڵاتانی دەوروبەرە، ئەوا دەکرێت بە فەرمی بانگی باڵیۆزەکان بکەن و دەتوانن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت، هەروەها دەشتوانرێت وەکچۆن لەسەر زەوی ئاسایشی کۆمپانیا و کێڵگەکە دەپارێزرێت بە هەمانشێوە لە ئاسمانیش بپارێزرێت، لە هەمانکاتدا بەرپرسیارییەتەکە بۆ عێراق دەگەڕێتەوە چونکە ئەمە لێدانە لە ئابووری عێراق".

لەبارەی ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان گوتیشی: "ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیوەستە بە ئاسایشی نێودەوڵەتی چونکە وزە بەشێکی گرنگە بۆسەقامگیری، نەبوونی وزە دەبێتە هۆی شەڕ و ململانێ بۆیە ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندییان هەیە لەسەر پەرەپێدانی ئەم جۆرە غازە، دەکرێت بێنە سەر هێڵ".

کێڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرھەمھێنانی وزە لە ھەرێمی کوردستان و دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەمی سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ھەشت جار ھێرش کراوەتە سەر ئەم کێڵگەیە کە کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی وەبەرھێنانی تیادا دەکات.

لەم کێڵگەیە، غاز لەڕێگای بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و ھەولێر دەکرێت، بەمەش رێژەی سەدا ٦٧ی کارەبای ھەرێم دابیندەکات، ھەروەھا سەرچاوەی سەرەکیشە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غازی شل LPG.

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز، کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕووبەرەکەی دەگاتە ١٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی غازە سرووشتییەکەی بە نزیکەی ١٧ ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن