Hemin Hüseyin
09 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە لە میانی دە ساڵی رابردوودا نزیکەی پەنجا هەزار کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، هەروەها وردەکاری پێدانی مۆڵەتی کار و رەوشی کرێکارانی بیانی لە هەرێم بە گشتی دەخاتەڕوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ژمارەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "ژمارەی کرێکارانی بیانی ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەوە ئەوەیە کە مۆڵەتی کاریان پێ دەدەین و هەر کرێکارێک کە بێتە هەرێمی کوردستان، ئەگەر کرێکاری پڕۆژەکان بێت ئەوا گرێبەستی یەک ساڵە و ئەگەریش کرێکاری ناو ماڵ بێت ئەوا گرێبەستی دوو ساڵەیان هەیە. لە میانی دە ساڵی رابردوودا نزیکەی ٤٩ هەزار و ٥١٧ کرێکار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیەش ٢٥ هەزار کرێکاری پڕۆژەکانن، ٢٣ هەزار و ٥٠٠ کرێکاری دیکەش کرێکاری خزمەتگوازییەکانن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە سێ ساڵی رابردوودا چەند کرێکار هاتووەتە هەرێمی کوردستان؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "لە ساڵی ٢٠١٦دا، نزیکەی شەش هەزار کرێکار هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٧شدا، سێ هەزار و ٨٠٠ کرێکار کە بە رێژەی سەدا ٤٠ کەمی کردووە، ئەمساڵیش بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە و بە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان، ژمارەی کرێکارەکان لە سەد کرێکار تێناپەڕێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ئێستادا چەند کرێکار گرێبەستیان نوێکردووتەوە؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "بە شێوەیەکی گشتی بە نیسبەت ئێمەوە کە گرێبەستیان نوێکردووەتەوە نزیکەی ١٥ هەزار کرێکار دەبێت و ئەم ئامارەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت چونکە هەندێک لەو کرێکارانە بە ڤیزای سەردان دێن و دواتر کار دەکەن و ئەوانە بە تۆمارکردن هەژمار ناکرێن، جگە لەوەش، زۆر کرێکاری ئێرانی و سووری و هەندێک جاریش تورکی بە شێوەیەکی نایاسایی دێن و لێرە کار دەکەن و ئەوانە لە لای ئێمە تۆمار نەکراون".
ئاژانسی ئانادۆڵو: کرێکارانی بیانی بە چەند شێواز دەتوانن بێنە هەرێمی کوردستان؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "کرێکارانی بیانی دەتوانن بە دوو شێواز بێنە هەرێمی کوردستان، شێوازی یەکەم بریتییە لە دەستی کار کە نزیکەی سەد کۆمپانیامان هەیە لە بوارە. دووەمیش بریتییە لە شێوازی پرۆژەی وەبەرهێنان، ئەوانەی لە دەستەی وەبەرهێنان تۆمار کراون دەتوانن راستەوخۆ داوای کرێکار بکەن، بەڵام لە دوای قەیرانی دارایی ئەمەیان کەمتر بووەتەوە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەو کرێکارانە لە کام جۆرن کە مۆڵەتی کارکردنیان پێ نادرێت؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "ئەگەر کرێکارێک بە سەردان هاتبێتە هەرێمی کوردستان و نشینگەی لە شەش مانگ زیاتری نەبێت، چونکە مۆڵەتی کار بەو کرێکارە بیانیانە دەدرێت کە پشێوەخت گرێبەستی هەبێت و لەگەڵ خاوەن کارەکە رێککەوتبێت، چونکە کرێکار هەیە کار دەکات و کارتی نشینگەی نییە و ئەوانە مۆڵەتی کاریان پێ نادرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: کرێکارەکان زیاتر خەڵکی کام وڵاتن و بەسەر کام بواری کارکردندا پۆڵێن دەکرێن؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "کرێکاری پڕۆژەکان زیاتر پاکستانی و هیندین. کرێکاری ناوماڵ زیاتر ئەندەنووسی و نیپالی و جۆرجیا-ین. لە شاری دهۆک زیاتر کرێکاری جۆرجیایی بەکاردەهێنن. کرێکاری تەکنیکی زیاتر خەڵکی فلیپین و وڵاتی چین-ن، بەڵام ناتوانرێت بزانین زۆرترین کرێکار لە کام وڵاتەوە دەهێندرێت چونکە لە مۆڵەت پێدانەکە دەنووسرێت کرێکاری بیانی، بەڵام ناوی وڵاتەکەی نانووسرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ماوەیەکی زۆرە کرێکاری بەنگلادیشی هاوردە ناکرێت؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "کرێکاری بەنگلادیشی بە شێوەی فەرمیی نابێت داخلی هەرێمی کوردستان بێت، ئەمە بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠١٢ دەرچووە، بەڵام ئەو بەنگلادیشیانەی کە لێرە هەبوون ئەوا بواریان پێدرا ئەگەر کار بکەن و دەتوانن بۆیان نوێ بکرێتەوە. هۆکاری داخل نەبوونەکەش لەسەر داوای ئێمە نەبووە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئاستی پێشێلکارییەکان چین بەرامبەر ئەو ئافرەتە بیانییانەی کە لە ماڵەکان کار دەکەن؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "ئێمە لیژنەیەکی سێ کەسیمان داناوە کە ئافرەتن و راستەوخۆ سەردانی ئەو ماڵانە دەکەن کە کرێکارە بیانییەکان کاری تیادا دەکەن. لە هەمانکاتدا هێڵێکی پەیوەندیمان هەیە بەخۆڕایی کار دەکات کە بریتییە لە ژمارە ٥٥٠٠ هەموو ئەو کەسانەی کە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت دەتوانن پەیوەندی بکەن و لە رێگای ئەو لیژنەیەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان دەکرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ساڵی رابردوودا هیچ کرێکارێک بەزۆرەملێ ناردراوەتەوە بۆ وڵاتی خۆی؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "لە ساڵی رابروودا هیچ کرێکارێک بە زۆرەملی رەوانەی وڵاتی خۆی نەکراوەتەوە، تەنها ئەوانە نەبێت کە گرێبەست و کارتی نشینگەیان تەواوبووە ئەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنسوڵخانەی خۆیان رەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: وردەکاری دەستەبەری کۆمەڵایەتی چییە؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "بە پێی یاسای ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢ ، کرێکارانی بیانی هەمان ماف و ئیمتیازاتیان هەیە وەکو کرێکاری خۆماڵی، بە پێی ئەو یاسایەش هەر کرێکارێک دەبێت دەستەبەر بکرێت، بۆ مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژی ژیانی ئەو کرێکارە، ئەویش سەدا ١٧ لە مووچەی ئەو کرێکارەی کە گرێبەستی لەسەرکراوە و لەو رێژەیەش سەدا ١٢ خاوەن کار دەیدات و سەدا ٥ کرێکارەکە دەیدات، ئەمە لە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت و هەر کاتێک کرێکارەکە تووشی هەر کارەساتێک بێت ئەو کاتە مافی راکێشانی ئەو پارەیەی دەبێت یان لە حاڵەتی خانەنشیندا دەتوانێت وەریگرێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاری بیانی چۆنە؟
بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "کرێکاری بیانی ئەگەر بیەوێت پاشەکەوتەکەی وەربگرێت، هەر ئەوکات پێیان دەدرێت ئەمە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی، دەتوانێت دوا بکات، بەڵام کرێکاری خۆماڵی، دەبێت یەک ساڵی پێ بچێت ئینجا داوا بکات ئەمەش لە بەرژەوەندی کرێکارە بۆ ئەوەی بوارێکیان پێ بدرێت کاریان دەست بکەوێت یان ئەگەر هەموو رێککارە یاساییەکان تەواوبکات ئەوا خانەنشین دەکرێت".