Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
ههولێر - AA
بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ دیالۆگی نیشتمانی و ئامادەبوون بۆ پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە، ئەنستیتیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆنفرانسێکی ئەنجامدا بە ناونیشانی "کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا".
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی و ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، خەلیل ئیبراھیم و کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، محەمەد حەکیم بەشداربوون کە تیایدا دید و تێڕوانییان بۆ گۆڕانکارییەکانی بەردەم عێراق خستەڕوو.
لەسەرەتادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد گوتی: ''لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە سەرشان، چونکە ئێمە لە ناوخۆ ناکۆکیمان ههیه، ھەروەھا ئێمە لە ھەڵبژارادنەکان بەڵێنمان بە خەڵکداوە کە پاراستنی نیشتمان و خاک وڵات ئەرکمانە، بۆیە لەم قۆناغە ھەستیارەدا دەبێت حزبەکان و حکوومەت پهیوهندییهكانییان لەگەڵ کۆمەڵگا چاکبکەنەوە، چونکە ئەو پهیوهندیه بەھۆی ناکۆکییەکان، تێکچووە''.
مهحمود محهمهد گوتیشی: ''دەبێت بڕیار لە واقعی ئێستا بدەین و لەگەڵ ئێستا بژین، لەوانەیە پێکەوە و بەعهقڵی ئازاد بتوانین رووبەڕووی ئەو دۆخەی کە ھەیە، ببینهوه''.
دواتر ئهندامی مهكتهبی سیاسی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، عهدنان موفتی تیشكی خسته سهر مێژووی عێراق و باسی له گۆڕانكارییه مێژووییهكانی عێراق كرد و جهختی لهوه كردهوه كه پێویسته لایهنهكان كۆك بن و پهیوهندییه سیاسییهكان ئاسایی ببنهوه بۆ گۆڕانكارییهكانی داهاتووی عێراق.
کارگێری ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، محهمهد حهكیم گوتی: ''ھەرێمی کوردستان گرنگە کاریگەری لهسهر گۆڕانکارییهكان لە عێراق ههبێت، ئێمە ئهو لایەنە سیاسیانەی كه کورسیمان ھەیە بەشێکین لە کۆمەڵگا و بەردەوام داوای چاکسازییمان کردووە، ئەوەی لە عێراق ھەیە، برادەرانی شیعە فاشل بوون له حوكمڕانیی له عێراقدا، بۆیه ھەرکارێکی باش بکرێت ئێمە پشتوانین و ھەرکارێکی خراپ بکرێت ھەوڵ دەدەین کارەکانیان راست بکەینەوە''.
ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، خەلیل ئیبراھیم گوتی: ''ئەوەی لە ناوچەکانی سوننە و شیعە ھەیە لە ناوچە کوردییەکانیش ههیه، لە ھەموو لایەک گەندەڵی ھەیە، نەوەیەک ھەیە ئێستا جورئهتی ههیه و دەیەوێت گۆڕانکاری بکرێت، فراكسیۆنه كوردستانییهكان له بهغدا دەبێت یەکڕێزبن،ھەروەھا بە ھێزەوە بەرنامەیان ھەبێت و سەرکۆمار ھێزی خۆی بەکار بھێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر لەناوخۆدا چاکسازی و دادپەروەری ئەنجام نەدرێت ئەوا ناتوانین بەرگەی ئەو دۆخە بگرین''.
خهلیل ئیبراهیم گوتیشی: ''سێ شت بۆ ئێمە گرنگە ئەوانیش ھاوسەنگی لە بڕیاردان ھەبێت و لە کۆبوونەوەکان ئاگاداربین و بزاندرێت لەگەڵ کێ گفتوگۆ دهكرێت و گرنگە ھەموولایەک بەشداری تیادا بکەین''.