هەولێر.. رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
- سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئەنوەر: "گەندەڵی خەمڵێندراو ٤٢٣ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دینارە، بڕی پارەی دەستبەسەرداگیراو، دوو ملیار و ٧٧٠ ملیۆن دینارە، بڕی پارەی گەڕێندراوەیش بریتییە لە ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دینار".
Arbil
هەولێر - AA
بەبۆنەی رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان رێوڕەسمێکی ئەنجامدا کە تیایدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد کە گەندەڵی لە جیهاندا دیاردەیەکی ترسناکە و پێویستە بە هەموولایەک رووبەڕووی ببنەوە و پابەندبوونی پەرلەمانی کوردستانیشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ھەوڵەکانی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی دووپاتکردەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئەنوەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر ئامارەکانی تایبەت بە دۆسییەکانی گەندەڵی و رایگەیاند کە گەندەڵی لە جیھاندا ساڵانە سەدان ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی وڵاتان دەگەیەنێت و لەو وڵاتانەی کە تازەپێگەیشتوون زیانەکان بەھۆی لاوازی دەزگاکانی حوکمڕانی و بوونی جۆرەھا ململانێ، ھاوکات لاوازیی ھۆشیاریی سیاسی و کولتووری دیموکراسی لە وڵاتانی دیکە زیاترە.
ئەحمەد ئەنوەر لەبارەی ئامارەکانی دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا، هەزار و ٢٧ دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون کە تیایاندا ٣٠٤ دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، ٢٩٩ دۆسیە داخراوە، ١٠٣ دۆسیە رەوانەکراوە بەپێی تایبەتمەندی جۆر و شوێن، ٢٨١ دۆسیەش رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراوە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕی پارەی خەمڵێنراوی گەڕاوە لە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان گوتی: "گەندەڵی خەمڵێندراو ٤٢٣ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دینارە، بڕی پارەی دەستبەسەرداگیراو دوو ملیار و ٧٧٠ ملیۆن دینارە، بڕی پارەی گەڕێندراوەیش بریتییە لە ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دینار".
ناوبراو داوای لە وڵاتانی جیھان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ھاوپەیمانن کرد کە ھاوکار و یارمەتیدەربن لە بنبڕکردنی گەندەڵی لە ناوچەکە.
رۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نۆی مانگی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناساندووە و ساڵانە لەم رۆژەدا لە سەرتاسەری جیھان رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
لە پێشەکی رێککەوتننامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا ھاتووە "گەندەڵی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگەکان دەخاتە مەترسییەوە و دامودەزگا دیموکراسییەکان بنکۆڵ دەکات و بەھا ئەخلاقی و دادپەروەری ھەڵدەتەکێنێت و سەروەریی یاسا و گەشەکردنی بەردەوام دەخاتە ژێر مەترسییەکی جیددییەوە".