سياسەت, عێراق

لێدوانی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی دەربارەی کۆنگرەی چوارەم

رزگار عەلی: - ''١٧ لیژنەمان پێکهێناوە بۆ کۆنفرانسی هەر ١٧ مەڵبەندەکە، لەئێستادا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە زۆرێکیاندا دەستیپێکردووەو بڕیارە سبەی و دوو سبەی کاندیدە دەرچووەکانی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان بۆ کۆنگرە ئاشکرا بکرێت''.

Rewa Mahmood Hasan  | 09.12.2019 - نوێکردنەوە : 13.12.2019
لێدوانی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی دەربارەی کۆنگرەی چوارەم

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA

ئەمڕۆ چوار هەزار و ٨٨٦ ئەندامی کۆنفرانسی مەڵبەند لە ١٧ مەڵبەنددا، دەنگدەدەن بە هەزار و ٧٤٠ کاندیدی مەڵبەندەکان بۆ ئەندامبوون لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، رزگار عەلی رایگەیاند کە لە رێگەی سێ هەڵبژاردن (کۆنفرانسەوە) ئەندامانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دیاری دەکرێت و یەکێکیان لە مەکتەبەکانی یەکێتیدا ئەنجامدراوە پێشتر کە ژمارەیان ١٢ مەکتەبە و ئەوانە ئێستا دیارن کە ئەندامی کۆنگرەن.

رزگار عەلی راشیگەیاند کە پێشتریش لە ٢٠٧ کۆمیتەدا، ئەندامانی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان لە کۆنفرانسی کۆمیتەکاندا دیاریکراون و ئەمڕۆ نۆی کانوونی یەکەم لە ١٧ مەڵبەندی یەکێتیدا، کۆنفرانس لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و دەنگ دەدەن بە هەزار و ٧٤٠ کاندیدی مەڵبەندەکان و گوتی:

''١٧ لیژنەمان پێکهێناوە بۆ کۆنفرانسی هەر ١٧ مەڵبەندەکە، لەئێستادا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە زۆرێکیاندا دەستیپێکردووەو بڕیارە سبەی و دوو سبەی کاندیدە دەرچووەکانی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان بۆ کۆنگرە ئاشکرا بکرێت''.

سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی لیژنەی چاودێری پرۆسەی دەنگدان لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئاماژەی بەوەدا کە سیستەمەکە لە سێ لیژنە پێکدێت لەهەر مەڵبەندێکدا یەکێکیان ئەندامی لیژنەکانی ئێمەیە، ئەوی تر کاندیدەکان خۆیانن وەک چاودێر بەشدارن، سێیەمینیشیان وەک چاودێر، کەسانێکن لە مەڵبەندەکان ئەندامی کۆنفرانسی مەڵبەندیان پێ دەڵێن و کەسێکی بێلایەن دەبن، واتە خۆیان کاندید نەکردووە بۆ کۆنگرە و لە رێگەی ئەو سێ لیژنەیەوە چاودێری پرۆسەی دەنگدان لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکاندا دەکەن.

رزگار عەلی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە چوار هەزار و ٨٨٦ ئەندامی کۆنفرانس لەسەرجەم مەڵبەندەکان وەک دەنگدەر بەشدارن و دەنگ دەدەن بە هەزار و ٧٤٠ کاندید.

سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاشکرایشیکرد کە سەرجەم هەزار ئەندام کۆنگرە بەشدار دەبن کە لەوانە لەسەدا ٢٠یان ئافرەت دەبن و کۆی ئەو هەزار ئەندام کۆنگرەیە لە رێی سێ سیستەم ئەوانیش، کۆنفرانسی مەکتەبەکان، کۆنفرانسی مەڵبەندەکان و هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی مەکتەبەکانی یەکێتییەوە دەردەچن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن