Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
15 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
رۆژی ١ی ئەیلوول سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەدابوو، به‌مه‌به‌ستی خۆپاڵاوتن بۆ (سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ) هەر هاووڵاتییەک ئارەزوومەندە ده‌توانێت (C.V)ى خۆی پێشكه‌ش به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری په‌رله‌مان له‌په‌رله‌مانی كوردستان بكات.
پەرلەمان 15 رۆژ مۆڵەتی بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان دانابوو ئەمڕۆ دوا وادەبوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، سامان ئەحمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەمڕۆ دوا وادەبوو (بۆ خۆپاڵاوتن سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ)، 31 سیڤی گەیشتووەتە پەرلەمانی کوردستان، 12یان ئافرەتە و 19یان پیاون و لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانن".
گوتیشی "هەموو سیڤییەکان ئێستا داخڵ کراوە، لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵسەنگاندن بۆ سیڤییەکان دەکەن بەپێی ئەو مەرجانەی کە پێشتر بڵاوکرابووەوە دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو کەسانەی کە هەموو مەرجەکانیان تێدایە هەڵدەبژێردرێت و ناوەکان دەهێندرێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت، هەرکەس زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا پۆستەکەی پێدەدرێت"
ئەو مەرجانەی کە پێشتر لەگەڵ راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا بڵاوکرابوویەوە بۆ ئەو کەسانەی سیڤی دەنێرن و لە یاسای دەستەی مافی مرۆڤدا ئاماژەی پێدراوە بەم جۆرەیە:
- هاووڵاتیی هه‌رێمی کوردستان بێت و لە کوردستان نیشته‌جی بێت.
- لایه‌نی كه‌م بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆیی هه‌بێ و له بواری مافه‌كانی مرۆڤ لێهاتوو و شاره‌زا بێ.
- خوڕه‌وشتی باش بێ و به‌تاوانێك یان كه‌تنێكی ئابڕووبه‌ر حوكم نه‌درابێ.
- به‌ڵێنامه‌یه‌كی ده‌ستنووس پێشكه‌ش بكات كه له‌ماوه‌ی فه‌رمانبه‌رایه‌تییه‌كه‌یدا حزبایه‌تی نه‌كات.
- به‌شداریی له‌و تاوانه‌دا نه‌كردبێ كه ده‌سه‌ڵاته داپلۆسێنه‌ره‌كان ئه‌نجامیان دابێ.