Hemin Hüseyin
15 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2018
هەولێر-AA
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک سەرپێچی تۆمارکراوە و لیژنەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە ٥٠٠ کاندید، کێبڕکێ لەسەر ٤٦ کورسی دەکەن و لەم چوارچێوەیەشدا زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، مازن عەبدولقادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکردووە و بە پێی رێنماییەکانی کۆمسیۆن و وەزارەتی شارەوانی، هەموو قەوارەیەکی سیاسیی مافی بانگەشەی هەیە و چەند لیژنەیەکیشمان هەیە کە خەریکی راپۆرت ئامادەکردن دەبن لەبارەی سەرپێچییەکان".
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران و قەوارە سیاسییەکان و رێژەی ئافرەتانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەکان، مازن عەبدولقادر گوتی: "لە هەرێمی کوردستان ٢٥ قەوارەی سیاسیی بەشدارن کە دابەشبوون بەسەر ١٩ حزب، لەوانەش چوار هاوپەیمانی و دوو تاک بەشدارن و بەگشتی ٥٠٣ پاڵێوراو کێبڕکێ لەسەر ٤٦ کورسی دەکەن لە هەرێمی کوردستان".
مازن عەبدولقادر گوتیشی: "لەو ٤٦ کورسیەدا، هەولێر ١٦ کورسی، سلێمانی ١٨ کورسی و دهۆک ١٢ کورسی بەر دەکەوێت، هەروەها لە کۆی ئەو ٥٠٣ کاندیدە، ٣٥٧ نێر و ١٤٦ کاندیدیش لە رەگەزی مێینەن".
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆی گشتی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ دەنگدەر کە دەتوانن لە ١٧٣ بنکەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەیە دەنگ لەو ژمارەیەش لە پارێزگای هەولێر ٥٣ بنکە و لە پارێزگای سلێمانی ٧٩ بنکە و لە پارێزگای دهۆک ٤١ بنکە.
لەبارەی سەرپێچییەکان، مازن عەبدولقادر گوتی: "هەندێک سەرپێچی بەرلە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراون و هەموو ئەو سەرپێچییانەی کە تۆمار دەکرێن، بە دڵنیاییەوە رێککارە یاساییەکانییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".