Sangar Hamad Azeez
28 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2015
لە میانی بانگەشەكانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی توركیا كە بڕیارە لە یەكی تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، وەزیری دارایی توركیا مەهمەت شیمشێك سەردانی شاری كلیسی كرد و بەشداری لە ئێوارە خوانێكدا كرد.
ناوبراو تیشكی خستە سەر ئەوەی كە توركیا خاوەنی جوگرافیایەكی ئاڵۆزە و هەر بۆیە لە هیچ سەردەمێكدا بۆ ماوەیەكی درێژخایەن سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە و گوتی: "توركیا رووبەڕووی جەنگ، ڕژانی خوێن، ڕژانی فرمێسك و تراجیدیای مرۆیی بۆتەوە، لە ئێستادا توركیا وەك تەواوی وڵاتانی جیهان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بۆتەوە، ماوەی چەند مانگێكە وڵاتەكەمان رووبەڕووی قەیرانی دارایی و سیاسی بۆتەوە بۆیە پێویستمان بە حكوومەتێكی تۆكمەیە تاكو جارێكی دیكە هەڵسینەوە سەر پێ، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پەرە بە توركیا بدەین و هەوڵی فەراهەمكردنی سەقامگیری بدەینەوە دەبێت سەرەتا حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێنن ئینجا بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە، ئەو هەڵبژاردنەی لەبەر دەممانە زۆر هەستیارە. دەكرێت كەمووكوڕیمان هەبێت، بەڵام كارەكانی ئاك پارتی لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا دیارە، دوای هەڵبژاردنەكەی حەوتی حوزەیرانی رابردوو، توركیا رووبەڕووی قەیران بۆتەوە، بە دەنگی ئێوە جارێكی دیكە دەتوانین حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێنین و رووبەڕووی كێشەكان ببینەوە".
مەهمەت شێمشیك گوتی: "ئاك پارتی هەمووكات رێزی لە كوردی توركیا گرتووە و هەموو كات گوتوویەتی كورد برامانن، بینایی چاومانن، ئێمە هەزاران ساڵە وەك برا بەیەكەوە ژیاوین و هەر واش دەمێنینەوە لە بەرامبەردا هەدەپە بە زۆر و بە توندوتیژی دەنگ لە برایانی كورد كۆدەكاتەوە".
ناوبراو تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئاك پارتی بە تەواوی پەیرەوی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكات و گوتی: "ئەگەر بێت و ئێمە دەستمان بە قۆناغی چارەسەر نەكردبایە وەك هەر وڵاتێكی دیكە رەنگ بوو ئێستا رۆژەڤی توركیا بریتیبایە لە پارچە بوون و ئۆپەراسیۆن، ئێمە بە ئامانجی یەكپارچەیی توركیا دەستمان بە قۆناغی چارەسەری كرد بەڵام پەكەكە دەستی بەسەر قۆناغەكە دا گرت، باشە ئێستا ئێمە چی دەكەین؟ بەو زمانە قسە دەكەین كە پەكەكە تێمان دەگات. جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە هەموو كات ماف و ئازادی هاووڵاتییانمان پێش هەموو شتێك خستووە".