Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2018
سلێمانی ـ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە لە ئەمڕۆوە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانی حزب و قەوارە سیاسییەكان دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی پشتیوانی لیست و قەوارەكانیان و هەڵواستی پۆستەر و بانگەشەكانی هەڵبژاردن كرد.
لە سلێمانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان گەرموگوڕی و كێبڕكێی زیاتری پێوە دیارە و شەقام و باڵەخانەكان بە پۆستەر و وێنە و بانگەشەی لایەنە سیاسییەكان داپۆشراون، هاووڵاتییانیش بەیانییەكی جیاوازتریان بەڕێكرد كە جیاواز لە رۆژانی رابردوو بازاڕ و شەقامەكان بە ئاڵا و پۆستەر و دروشمی هەڵبژاردنی لایەنەكان رەنگاوڕەنگ كرابوو.
لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانی دۆخەكە پێشبینی ئەوە دەكەن لەماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا كە 25 رۆژ دەخایەنێت، سلێمانی گەرمترین و توندترین هەڵمەتی بانگەشە و گرژی بەخۆوە ببینێت، ئەوەش بە هۆی ئەوەی شارەكە بووەتە چەقی ململانێی هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان .
لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 كەس مافی دەنگدانی هەیە ، 25 قەوارە لە هەڵبژاردنەكە بەشدارن ، ئەو قەوارە و حزبانەش 503 پاڵیوراویان هەیە كە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 46 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی 18 كورسی دیاری كردووە، لەم هەڵبژاردنەشدا لیستەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ، بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، نەوەی نوێ چانسی بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانیان لە پارێزگای سلێمانی هەیە.