Sarmand Hameed
04 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژیی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکەی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و داوا دەکات پەکەکە دەست لە پێشێلکاری و هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت و چیتر نەبێتە کێشەو گرفت بۆ قەوارەی دەستووری و خەڵکی کوردستان.
هێمن هەورامی لەبارەی پەلاماری چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، کە پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن پەکەکەوە بەڵگەی ئەوەیە کە پەکەکە هەرگیز سڵ لەتێکدانی گیانی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانییانە ناکاتەوە و بەمەنتیقی هێرش و پەلاماردان و دەستدرێژی مامەڵە دەکات.
لە راگەیەنراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هاتووە: "هێرش و دەستدرێژیی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکە بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکۆنە دەکەین و داوا دەکەین پەکەکە دەست لە پێشێلکاری و هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بۆسەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت و چیتر نەبێتە کێشەو گرفت بۆ قەوارەی دەستووری و خەڵکی کوردستان".
هێمن هەورامی راشیگەیاندووە "هێرش و دەستدرێژیی پەکەکە بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە تاکە هێزی شەرعی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە، بەڵگەی ئەوەیە کە پەکەکە هەرگیز سڵ لەتێکدانی گیانی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانییانە ناکاتەوە و بەمەنتیقی هێرش و پەلاماردان و دەستدرێژی مامەڵە دەکات".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی هەمیشە دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە پەکەکە نەبێتە هۆکارێک بۆ هێنانەناوەوەی کێشەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بیانو نەداتە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام سەرکێشییەکانی پەکەکە و گرفت دروستکردن هەرگیز دواییان نایەت و لەبری وەڵامدانەوەی دامەزراوە شەرعییەکان و هێزە کوردستانییەکان بەئەرێنی، کەچی هێرش و دەستدرێژی دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
هێمن هەورامی وێڕای هاوخەمی بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگانهی کە ئەمڕۆ بەهۆی دەستدرێژی و پەلاماردانەکەی پەکەکە شەهید بوون، هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا رایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ رووبەڕووبوونهوهی قەیرانی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هاوکات بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنە سیاسییەکانیشە بەرگریی لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەن و خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزن".