Hemin Hüseyin
18 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2018
هەولێر - AA
ماوەی سێ رۆژە ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەستی پێکردووە و بەرپرسی میحوەری مەخموور- گوێڕ، سیروان بارزانی ئاشکرای دەکات کە هێزی هاوپەیمانان لەجاران زیاتر هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و راشیدەگەیەنێت کە گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە داعش، سوودیان لە بۆشایی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق وەرگرتووە.
بەرپرسی میحوەری مەخموور-گوێڕ، سیروان بارزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جموجوڵی داعش لەم ناوچەیە زۆرە و تیرۆریستان سوودیان لە بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق وەرگرتووە و زانیاریمان ھەیە کە لە ئەشکەوت و دۆڵەکانی چیای قەرەچووغ خۆیان حەشار دەدەن و ئێستا ئەوان شەڕی پارتیزانی دەکەن".
سیروان بارزانی گوتیشی: "لەدوای دیراسەکردن لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، دەرکەوتووە کە ئەو شوێنانەی کە زۆر تونێڵ و ئەشکەوتی لێ بووە دەوروبەری چیای قەرەچووغە، بۆیە ماوە دوو رۆژە ئۆپەراسیۆنمان لەو ناوچەیە دەست پێکردووە".
لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، سیروان بارزانی گوتی: "دەتوانم بڵێم هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە لە جاران زیاترە، دوێنێ بۆ یەکەمجار هێزی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوە بوونە، هەروەها یەکەمجاریشە لە کۆپتەری ئەپاتچی راستەخۆ بەشداری وەها ئۆپەراسیۆنێک بکات".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.