Muhammet Ali Kemal
28 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2015
هامبۆرگ
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ئاماژەدان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان گوتی: "لەدوای یەكی تشرینی دووەمی داهاتوودا كارمان تەواو نابێت بەڵام دەروازەیەكی زۆر گرنگ بەرەو ئازادی دەكەینەوە. ئێمە پێویستە پشتیوانی هەدەپە بكەین بۆ ئەوەی وڵاتێك درووستبكەین كە تێیدا چەكەكان بێدەنگ بن، تەنها ئەوانەی لەسەر مێزەكان دانیشتوون قسە بكەن، چیتر تەرمی گەنجانمان بۆ نەیەتەوە. دەمانتوانی بێ ئەوەی ئەمڕۆ لە توركیا ئەو سەرباز، پۆلیس، كەسانی سڤیل گیان لەدەست بدەن،كێشەكە چارەسەر بكەین''.
لەبەرنامەیەكدا كەلەلایەن كۆمیتەی هەڵبژاردنی هەدەپە لە شاری گلایند سازكرابوو، دەمیرتاش گوتەیەكی پێشكەش كرد و بانگەشەی ئەوەی كرد چیتر سیاسەتی پارتەكەیان كاریگەری تەنها لەسەر توركیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نابێت بەڵكو گەیشتووەتە ئاستێك كە كاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەورووپاش هەیە.
دەمیرتاش گوتیشی: "هەرلەبەر ئەمەیە كە هەدەپە پارتێكی ئاسایی نییە و ئێمە دژی ئەوە دامەزراین كە ناسنامەكان، مەزهەبەكان، بیروباوەڕەكان و شێوازە جیاوازەكانی ژیان چیتر نەكرێنە دوژمنی یەكتر. ئێمە پارتی هەموو ناسنامە و مەزهەبەكانین، بەڵام ئەوان پارتی تەنها گەل، تەنها رەگەز و تاكە بیروباوەڕە. ئێمە پارتی كرێكار و كارین، بەڵام ئەوان دوژمنی كار و زەحمەتكێشانن. ئێمە لایەنگری مافەكان و دابەشكاریی داهاتەكانین، هەرچی ئەوانن ئەوا نوێنەری دزی، بەرتیل و گەندەڵین''.
دەمیرتاش بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەدەپە لە هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیرانی رابردوودا سەركەوتنێكی ئایدیۆلۆجی بەسەر تێگەیشتنی تاكڕەویدا بەدەستهێنا و گوتی: ''ئێمە لە حەوتی حوزەیرانی رابردوودا تەنها لەبەرامبەر پارتەكان نا بەڵكو لەبەرامبەر سەركۆمار، پارێزگارەكان، قایمقام و سوپایەك لە میدیای لایەندار، لەزۆر شوێن لەبەرامبەر ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاسایش كە سەر بە ئەوانن، لەبەرامبەر زانكۆ و راگرەكان، لەبەرامبەر ئەو بەرپرسانەی كاروباری ئایینی كە بەیعەتیان داوەتە ئەوان و لەبەرامبەر ئەو لێشاوە پارەیەی كە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن ئاك پارتییەوە هەڵڕژابوو، لەبەرامبەر ئەو ترلیۆنانەی لە بوودجە وەریاندەگرت، لەبەرامبەر تەقینەوەكانی نێو كۆبوونەوەكانی جەماوەری ئێمە، سەركەوتنێكی گەورەمان بەدەستهێنا''.
دەمیرتاش گوتی: "لەگەڵ یەكی تشرینی دووەمی داهاتوودا كارمان تەواو نابێت بەڵام دەروازەیەكی زۆر گرنگ بەرەو ئازادی دەكەینەوە. ئێمە پێویستە پشتیوانی هەدەپە بكەین بۆ ئەوەی وڵاتێك درووستبكەین كە تێیدا چەكەكان بێدەنگ بن، تەنها ئەوانەی لەسەر مێزەكان دانیشتوون قسە بكەن، چیتر تەرمی گەنجانمان بۆ نەیەتەوە. دەمانتوانی بێ ئەوەی ئەمڕۆ لە توركیا ئەو سەرباز، پۆلیس، كەسانی سڤیل و گیان لەدەست بدەن،كێشەكە چارەسەر بكەین''.
دەمیرتاش بانگەشەی ئەوەی كرد ئەوان بوونەتە خاوەنی هێزێك كەتوانای هەیە هاوكێشەكان هەڵگێڕێتەوە و گوتی: "لەوانەیە ئەو نامەی دەنگەكانی ئێوەی تێدایە بچووك بێت بەڵام دیسان لەوانەیە لەتوانایدا هەبێت هەموو هاوكێشەكان هەڵگێڕێتەوە''.
دەمیرتاش گوتی: "ئێمە لەبەر رەنگی ئەو جلەی كەسێك لەبەریدایە جیاوازی لەنێوان ئازار و خەمەكانیدا ناكەین''.
گوتیشی: ''ناتوانین سنگفراوانی بەرامبەر ئەوە نیشانبدەین كاتێك چارەسەری كێشەی كورد لەرێگەی دیموكراسی و گفتوگۆوە ئەوەندە نزیك و گونجاو بێت، هێشتا رۆڵەكانمان گیانیان لەدەستدەدەن و ناتوانین بەرگەی ئەمە بگرین. ئەگەر بێت و رۆڵە سەرباز، پۆلیس و ئەوانەی كە چوونەتە شاخ لەپێناو فەرمانڕەوایەتی ئەودا گیان لەدەست بدەن، ئەوا هەڵەیەك بوونی هەیە. شتێك بەناوی بەرگریكردن لە نیشتمان یان هەڕەشەیەك لەسەر نیشتمان بوونی نییە، تەنها بەرگریكردن لە كۆشك هەیە. تەنها بۆ ئەوەی كۆشك دەسەڵاتەكەی بپارێزێت، هەموو رۆژێك چەندین تەرم بۆ ناوچەكانی توركیا دەنێردرێتەوە''.
دەمیرتاش باسی لەوە كرد كە دەنگی دەنگدەرانی توركیا لە ئەورووپا زۆر گرنگە و گوتی: "دەنگەكانی ئێوە بەشێوەیەكی بیركارییانە بەسەر هەموو پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت. ئەمەش شانسی ئەوەمان بۆ زیاد دەكات كە لەهەموو پارێزگاكان پەرلەمانتارمان هەبێت. ئەوەی كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دیاری دەكات ئێوەن''.