Hemn Baban
28 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2015
هەولێر
سەفین دزەیی دەڵێت هەرێم و ئەنقەرە پابەندن بە رێككەوتنی نەوتی نێوان هەردووكیان.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی رایگەیاند بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا چاك كراوەتەوە و كێشەی تێدا نەماوە. ناوبراو هەروەها گوتیشی: "بەداخەوە جاروبار لێرە و لەوێ ئەو بۆرییەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە و بەناوی توركیا تێپەڕ دەبێت دوچاری خراپەكاری دەبێتەوە. چی بە كونكردنی بۆرییەكان و دزینی نەوتەكەی بێت یان بە تەقاندنەوە، ئەوەش وا دەكات هەناردەكردن رابوەستێت. هەرچەندە پەلە كراوە لە چاككردنەوەی، بەڵام جاری وا هەیە دە رۆژ و جاری وا هەیە 24 سەعاتی خایاندووە".
دزەیی هەروەها گوتیشی: "جگە لەو خراپەكارییە، هەرێمی كوردستان و ئەنقەرە هەردوولا بە رێككەوتننامەی نەوتیی نێوانیان پابەندن بەڵام خەڵكانێكی نەفس نزم جاروبار هەڵدەستن بە تەقاندنەوەی بۆرییەكە یان وەكو كاری مافیا بۆرییەكە كون دەكەن. پێشتر لە مانگی تەمووز پەكەكە رایگەیاند كە ئەوان بۆرییەكەیان تەقاندووەتەوە بەڵام دواتر سەركردایەتی پەكەكە رایگەیاند كە ئەو كارە بەبێ ئاگەداری سەركردایەتی بووە و هێزێكی خۆماڵی پەكەكە ئەو كارەی كردووە. هیوادارین ئەوە هەڵوێستی پەكەكە نەبێت كە بۆرییەكە بتەقێنێتەوە چونكە زەرەرەكە راستە بەر حكوومەتی هەرێم دەگات بەڵام بە پلەی یەكەم خەڵكی كوردستان لێی زەرەرمەندە، هەروەها ئەركی حكوومەتی توركیایە ئەو بۆرییە بپارێزێت".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی چەند دەزگایەكی راگەیاندن ئامادەی بوون لە پەڕاوێزی رێوڕەسمی دانانی پەتریاركی كڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوورییەكان لە ناحیەی عەنكاوەی سەر بە پارێزگەی هەولێر گوتی حكوومەتی هەرێم خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا زۆر ئاسایی بن و مافەكانی هەرێم تەواو جێگیر ببێت. ئەو زیاتر گوتیشی: "راستە رێككەوتنی 2014مان هەبوو بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەكرا. حكوومەتی هەرێم خوازیارە گفتوگۆكان بەردەوام بن، گفتوگۆ و دانوستان و پەیوەندیش هەیە ئێستا، پەرلەمانتارەكانی بەغدا و وەزیرانی كوردیش هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان".
لەبارەی بەرنامەی چاكسازی كە باسی لێوە دەكرێت گوایە سەرۆكوەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی بەم نزیكانە رایدەگەیەنێت، سەفین دزەیی گوتی: "چاكسازی لە پرۆگرامی كابینەی هەشتەمی حكوومەتدا هەبووە، ئەو لایەنانەی كە بەشدارییان لە كابینەی بنكەفراوان كرد بۆچوونیان بۆ چاكسازی و باشتركردنی ئەدای حكوومەت و خزمەتگوزارییەكان هەبوو، پاش بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێم بۆ باشتركردنی ئەدا و كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات چەندین هەنگاو نراون، هەروەها لە شەش مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی راسپێدرا بوو بۆ پێداچوونەوە بە میلاكات و دوو مووچەیی و بوونی بن دیوار و نادادپەروەریی لە دەرماڵە و لە تەواوبوون دایە".
ناوبراو هەروەها درێژەی دایە و گوتی: "چاكسازی پرۆسەیەكە مەودای جیاوازی هەیە و چەندین كۆبوونەوە كراوە كە چاكسازی لە كوێ بكرێت و كام جومگە پێویستی پێیەتی. هەندێ شت هەیە پێویستی بە گۆڕانكاری لە رێنماییەكان و هەندێكی دیكە لە یاسا و هەندێك لە سیستەمی حوكمڕانی هەیە. ئەو سیستەمەی كە پێشتر پاشماوەی رژێمی پێشووتری عێراق بوو كە دەوڵەتێكی ئیشتراكی بوو بەڵام ئێمە بەرەو بازاڕی ئازاد دەچین، بەگشتیی ئیرادەی چاكسازی و باشترین خزمەتگوزاری هەیە".
سەبارەت بە چاكسازییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادیش، دزەیی لە کۆتاییدا گوتی: "ئەوەی هەتا ئێستا هەیە لە چاكسازییەكانی عەبادی رووكەشە، بە ئیزندانی دوو وەزیر و سێ جێگری سەركۆمار شتێكی ئەوتۆ نابێت. راستە خەرجییەكان كەم دەبێتەوە بەڵام رۆژانە هاووڵاتییانی عێراق دەڕژێنە سەر شەقامەكان و داوای كارەبا و ئاو و ئاسایش دەكەن لە هەرێمی كوردستان تا رادەیەك ئەوانە هەن بەڵام ئێمە باس لە نەهێشتنی رۆتین و گەندەڵی دەكەین".