Zana Natık Kerem
20 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
نەینەوا ـــ AA
فەرماندەی پۆلیسی فیدرال، فەریق رائد جەودەت شاكر رایگەیاند كە هێزە عێراقییەكان، ناوچەیەكیان لە رۆژئاوای شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزاكە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا كۆنتڕۆڵكردەوە.
لە بەیاننامەیەكدا، رائد جەودەت شاكر ئاماژەی بەوەداوە كە هێزەكانی پۆلیسی فیدرال بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، ناوچەی عیبرەی بچووك-یان لە میحوەری رۆژئاوای شاری تەلەعفەر كۆنتڕۆڵكردەوە و بەرەو ناوچەكانی سەعد، زەهرا و وەحدە پێشڕەویی دەكەین.
هاوكات ئەفسەر لە هێزەكانی سوات، ملازم خالید سوهەیل ناسری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتراستی كردەوە كە دوای هەڵاتنی ٢٠ چەكداری داعش، هێزەكانی پۆلیسی فیدرال ناوچەی عیبرەی بچووك-یان لە رۆژئاوای تەلەعفەر كۆنتڕۆڵكردەوە.
خالید سوهەیل ناسری روونشیكردەوە كە هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە میحوەری رۆژئاوای تەلەعفەر زۆر بەخێرایی پێشڕەویی دەكەن.
لە لایەكی دیكەوە ئەفسەر لە هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆشی سوپا، ملازمی یەك سەمیر داوود موحسن رایگەیاند كە هێزە عێراقییەكان بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا لە چوار میحوەرەوە هێرشكردن بۆ سەر تەلەعفەریان دەستپێكردووە.
سەمیر داوود موحسن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆش لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵ و سێ لیوای حەشدی شەعبی لە سێ میحوەرەوە لە باشووری رۆژئاواوە دەستیان بە هێرشكردن بۆ سەر تەلەعفەر كردووە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە هێزەكانی فیرقەی ١٥ی سوپا لە میحوەری رۆژهەڵات بە ئاراستەی ناحیەی مەحلەبییە و پۆلیسی فیدراڵ لە میحوەری باكوور بە ئاراستەی شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزاكە دەستیان بە پیشڕەویی كردن كردووە.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە هێرشەكە بە تۆپبارانكردن و بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانی داعش لە باشووری شاری تەلەعفەر دەستی پێكرد و دووپاتیشیكردەوە كە هێزە عێراقییەكان لە قۆناغی ئۆپەراسیۆنەكەدا بە شێوەیەكی سەرەكی پشتیان بەستبووە بە وێرانكردنی بەرگرییەكانی داعش.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزاكە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هێزەكانی سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ، حەشدی شەعبی راگەیاند.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابینكراوە