Zana Natık Kerem
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی ئاسایشی سنوور، نەقیب سەیفەددین شممەری رایگەیاند كە پێنج سەرباز لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە لایەن داعشەوە كوژراون.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەیفەددین شممەری گوتی: "ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كە جلوبەرگی هێزە ئەمنییەكانیان پۆشیبوو، بازگەیەكی ساختەیان لەسەر رێگەی نێوان شاری مووسڵ و ناحیەی رەبیعە سەر بە قەزای تەلەعفەر دانابوو".
ئەو ئاماژەی بەوەشدا كە لەو بازگەیەدا، پێنح سەربازی سوپا كوژراون و چەك و كەلوپەلەكانیان بردراوە و دواتر تیرۆریستانی داعش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.
سەیفەددین شممەری باسی لەوەشكرد كە پێنج سەربازەكە بەرلەوەی بكوژرێن مۆڵەتیان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان كە دواتر تەرمەكانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ناوچەكە دۆزرایەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبوری رایگەیاند لە ئێستادا پاشماوەكانی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان، پەنا دەبنە بەر شێوازی پۆشینی جلوبەرگی هێزە ئەمنییەكان و دانانی بازگەی ساختە.
ئەحمەد جبوری باسی لەوەش كرد، ئەو شێوازە نوێیە كە پاشماوەكانی داعش پەنایان بۆ بردووە، شێوازێكی مەترسیدارە، بەو پێیەی لە میانی چەند هەفتەی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆر لە هێزە ئەمنییەكان كوژراون.
ئەو گوتیشی: "لە ئێستادا فەرماندە سەربازییە باڵاکان سەرقاڵی دانانی نەخشەیەكی نوێین بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو شێوازە نوێیەی پاشماوەكانی داعش دابنێن".
رۆژی سێشەممەی رابردوو، تیرۆریستانی داعش لە میانی بازگەیەكی ساختەدا كە لەسەر رێگەی نێوان مووسڵ و تەلەعفەر دایانابوو، چوار چەكداری حەشدی شەعبیان كوشتبوو.