سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی حزبەكەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لەدوای پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کارگیڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، فەرهاد مەلا ساڵح لە هەفپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە وردەكاریی کۆبوونەوەکان دەكات و دەڵێت: "دوای نزیکەی ساڵێک و چوار مانگ لە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، خۆشبەختانە لە ئێستادا کەشێکی وا دروستبووە بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سەرجەم لایەنەکانی کرد. لە ئێمەوە دەستیان پێکرد و بە بزووتنەوەی گۆڕان کۆتاییهات. لە ئێستادا زەمینەیەکی لەبار هەیە لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەن، نەرمییەک لە هەموو لایەنەکان بەدی دەکرێت بەتایبەتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو نەرمی نواندنە هیوایەکی دروستکرد بەو ئومێدەی بتوانین لە گەڕی دووەمی گفتوگۆکاندا بگەینە ئەنجامێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی هەریمدا".
فەرهاد مەلا ساڵح باسی رۆڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کورستان و گوتی: "یەکگرتووی ئیسلامی خاوەنی سازان بووە لە ماوەی رابردوودا. لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا کۆششی زۆری کردووە بە تایبەتی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، جەنابی مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین، ئەو سپۆنسەری پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە و لە ماوەی رابردوودا هەوڵێکی زۆری دا و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی جەنابی کاک مسعود، جەنابی کاک نەوشێروان و هێرۆ خان و جەنابی مامۆستا عەلی باپیری کرد، هەروەها سەردانی جەنابی کاک نێچیرڤان و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای کردووە و پێشوازی لە چەندین سەرکردەی دیکە کرد بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو پڕۆژەیە وەگەڕ بخرێت، یەکگرتووی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی لەگەڵ ئاشتەوایی نیشتمانی بووە، لەگەڵ ئەوە بووە کە سەرجەم لایەنەکان بە کۆدەنگی بگەینە رایەکی هاوبەش بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام بدەین".
کارگیڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان باس لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکەمی شاندی پارتی و حزبەکەیان و ئامادەکارییەکانی ئەوان بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆ دەکات و دەڵێت: "شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی راوێژکردن هاتبوون، ئێمەش بۆچوونی خۆمان بە ئاشکرا بە شاندەکەی پارتی گوت کە پێویستە نەرمی نواندن هەبێت لەلایەن هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بەو ئومێدەی کە پەیامەکەی بارزانی دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ گفتوگۆ و زەمینەیەک دروستبووە و پێویستە ئەوان ئەو زەمینەیە تەرجەمە بکەن بۆ پڕۆژە".
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمان وەک ئەوەی لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە و بۆچوون و پشکی یەکگرتوو لەو گۆڕانکاریانەدا، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "یەکگرتووی ئیسلامی لایەنێکی سەرەکی بوو لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا ئەرکێکی سیاسی زۆری کەوتە ئەستۆ و لەو پێناوەشدا قوربانییەكی زۆری لە بەرژەوەندی حزبییەکان دا لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانیەکان و لە ئێستاشدا یەکگرتووی ئیسلامی بەو روحییەتەوە دەچێتە ناو گفتوگۆکان و لە هەمان کاتدا پێویستە بنەمای ئیستیحاق و بەرکەوتەی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگیرێت".
لەبارەی ئەوەی جارێکی دیکە لایەنێک بەشداری حکوومەت نەکات و ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "لە ئێستادا زەمینە لەبارە بۆ گفتوگۆ، شاندی پارتی ئامادەگی ئەوەی تێدایە کە هەموو لایەنەکان جارێکی دیکە پێکەوە کاربکەن و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هەموو لایەنەکان جارێکی دیکە پێکەوە گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدەن بەتایبەتی پێنج لایەنە کوردستانییەکە"
لەبارەی گەشبیی ئاسۆی چارەسەبوونی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، فەرهاد مەلا ساڵح چەند خاڵێک دەخاتە روو، و دەڵێت: "گەشبینین تا ئەو کاتەی نەرمی نواندنی لایەنەکان بەردەوام بێت، هەروەها سوودمان لە هەڵەکانی رابردوو وەرگرتبێت و چاوەڕوانیان لە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان پارتی دیموکراتی کوردستان بە پڕۆژەیەکی مەحکەم گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەست پێ بکاتەوە".
فەرهاد مەلا ساڵح داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دەکات بە نەفەسێکی کراوە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکەی پارتی بکەن کە بڕیارە لە گەڕی دووەمی گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بیخاتە روو و، لەوبارەیەوە گوتی: "داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین بە تایبەتی برایانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان بە دڵێکی فراوان پێشوازی لەو پڕۆژانە بکەن، بەو ئومێدەی کە بتوانین هەموومان پێکەوە سەر لەنوێ دامودەزگا فەرمییەکانمان رێک بخەینەوە".
لەبارەی پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی لە نێوان لایەنە ئیسلامییەکان کە هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەخۆ دەگرێت، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "پرسی پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بۆ دراوە و جەنابی مامۆستا سەڵاحەددین کە لە کۆنگرەی حەوتەمی یەکگرتوو جارێکی دیکە بووەوە بە ئەمیندار بەو ئەمێدەوە بوو، و خاوەنی ئەو پڕۆژەیە بوو، ئەو پڕۆژەیەی خستە واری جێبەجێکردنەوە، خۆشبەختانە برایانمان لە کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و هەموو برایانمان لە کەسایەتی و رێکخراوە ئیسلامییەکان هەموویان ئامادەن و بە گەرمی پێشوازی لەو پڕۆژەیە دەکەن و پشتیوان بە خودا لە ٣١/١٢/٢٠١٦ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هەرسێ حزبە کوردستانییەکە (یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوە) بەئامادەبوونی سەرکردەی هەرسێ لایەنەکە و سەرکردایەتی هاوبەشی هەرسێ لایەنەکە ئەنجام دەدرێت و نوێنەرەی رێکخراوە ئیسلامییەکانیش ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە دەبن کە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆریاندا بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم پڕۆژەیە و لەوێدا دەسپێکی ئەو فیدراسیۆنە ئیسلامییە بڕیاری لێدەدرێت. لە ئێستادا زەمینە زۆر لە بارە و سەرجەم لایەنە ئیسلامییەکان ئامادەن بۆ ئەو بابەتە، ئێمە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان و وڵاتانی دەورووبەر و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بابەتەمان باس کردووە".
فەرهاد مەلا ساڵح ئامانجەکانی پێکهێنانی ئەو بەرەیە بە چەند خاڵێك دەخاتە روو، و دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیە خزمەتی دۆزی هەرێمی کوردستان دەکات و ناو ماڵی حزبە ئیسلامییەکان یەک دەخات. تەوژمێکی زیاتر بۆ پرسی چاکسازیی و گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات. لە هەمانکاتدا دەتوانرێت خانە ئیسلامییەکە پەرە بە بوارەکانی بدرێت".
سەبارەت بە جیاوازی بۆچوون شێوازی بەرنامەی کاری حزبی هەرسێ لایەنەکە (یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوە) و چۆنیەتی کۆکردنەوەیان لە بەرەیەکی هاوبەش، کارگێڕەکەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو گوتی: "ئەوە دوو بەشە، بەشێکیان مەنهەجیەتی ئەو لایەنە ئیسلامییانەیە کە لە ئێستادا خۆشبەختانە هەموومان کۆدەنگین لەسەر ئەوەی کە هێزی سیاسی مەدەنی بەخەباتی شارستانی کاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان لە چوارچێوەی خەمەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان ئەو کۆیکردینەتەوە و یەکگرتووی ئیسلامی لە پێشووتریش خەباتی سیاسی لەسەر هەمان رێچکە بووە و ئێستاش بەردەوامە، برایانمان لە کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئێستادا خەباتی سیاسی دەکەن و خەباتی چەکدارییان نییە و بەپێی پەیڕەی ناوخۆیان لە کۆنگری خۆشیان ئەوەیان پەسند کردووە".
فەرهاد مەلا ساڵح باس لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و وڵاتانی دەورووبەر دەکات و دەڵێت: "پێمانوایە پەیوەندی لایەنە کوردستانییەکان و لایەنە ئیسلامییەکان لەگەڵ وڵاتانی درواسێ پێویستە لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کورد و گەلی ئەو وڵاتانە بێت و بە شێوازێک بێت کە ئاڵۆزی دروست نەکات، پێمانوایە تاکو ئێستا پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی باش رێچکەیان کردووە".
لەبارەی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر ئەو بابەتە، فەرهاد مەلا ساڵح گوتی: "بڕیاری کۆنگرەی شەش و حەوتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ سەربەخۆیی هەریمی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆمین وسەرکردایەتی یەکگرتوو پابەندە بەم بڕیارانەوە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پێویستە زەمینەسازی بکرێت و لەوانە رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و لەگەڵ بەغدا بکەوینە گفتوگۆ و لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆ بکەین، هەروەها لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە پێویستە گفتوگۆ بکرێت. ئێمە پێمانوایە کە سەربەخۆیی مافێکی رەوا و شەرعییە بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە بە لێکتێگەیشتن بەتایبەتی لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەو بڕیارە، هەروەها تورکیا و ئێرانیش کاریگەری خۆیان هەیە و پێویستە لەگەڵ ئەوانیش لە گفتوگۆدابین".
لە بارەی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال و مەترسییەکانی ئەو هێزە فەرهاد مەلا ساڵح دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت لەلایەن هەموو وڵات و لایەن و هێزێکەوە و رێز لە خەباتی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەگرین و دەبێت رێز لە هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگیرێت".
فەرهاد مەلا ساڵح باسی قەیرانی سووریا و رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەچارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە کرد و گوتی: "شۆڕشی گەلانی سووریا شوڕشێکی رەوایە، ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی پشتگیری ئەو شۆڕشە بووین لە ساتەوە وەختی یەکەمەوە تاکو ئیستا و پێمانوایە کە دەبێت گەلی سووریا بە مافە رەواکانی خۆی بگات لە دیموکراسی و ئازادیدا. ئەو خوێنڕشتنەی لە سووریادا هەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لە بەرامبەریدا وکەمتەرخەم بووە بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا و رووسیا، پێویستە ئەو وڵاتانە بگەنە کۆدەنگییەک و چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، هیواداربووین شۆڕشی گەلانی سووریا و ئازادی و سەربەست بوونیان بە شێوەیەکی مەدەنیانە بووایە، بەڵام بەداخەوە خەڵکەکەی بە ناچاری پەنای بردە بەر چەک".
گوتیشی: "ئەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا لە نێوان ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدرێت، ئاواتەخوازین دەرفەتێک بکاتەوە لەبەردەم گەلانی سووریا بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان".
news_share_descriptionsubscription_contact

