Sarmand Hameed
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی کرد و هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرز نرخاند.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی کە ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی سەرکردە و نوێنەری بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و ناوچەکە و جیهان بەڕێوەچوو، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیوویەتی: "پێشوازیی لە کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بە ئامادەبوونی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دەکەین".
نێچیرڤان بارزانی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرز نرخاندووە و رایگەیاندووە: "ئومێدەوارین ئەنجامی کۆنگرەکە خزمەتی سەقامگیریی و ئاشتیی لە ناوچەکە بە گشتیی بگەیەنێت و رۆڵی پێشڕەویی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە و ماف و داخوازییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی بهێنێتە دی و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەرەوپێش ببات".
ئەمڕۆ شەممە، لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی بە بەشداریی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی، ھەریەک لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح و سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و جێنشینی دوبەی، محەمەد بن راشد ئال مەکتووم و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشداربوون.
لە لووتکەدا تاوتوێی ھەموو ئەو دەرفەتانە کرا کە کەشێکی ئارام بۆ دووبارە پەیوەندیی ھەموو ئەو وڵاتانە دەڕەخسێنێت کە ناکۆکیان ھەیە و ئەوەش بۆ خزمەتکردن بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق.
بەرپرسانی عێراق بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکی و دۆستایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە یەکتر، کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە ھەبووە و بە پێچەوانەشەوە ھۆشدارییان داوە لەوەی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایی كردنهوهی کێشە و ململانێکانی نێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوهڕاست. بەو پێیە عێراق دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ھەموو ئەو وڵاتانە ببینێت کە ناکۆکیان ھەیە و ھەوڵی نزیک کردنەوەی روانگەکانیان بدات.