Sarmand Hameed
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
هەولێر - AA
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بۆ ێزگرتن لە کوژرانی سەربازه ئەمریکییهكان و قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکەی فڕۆکەخانەی کابوڵ ئاڵاکەی وڵاتەکەی تا ئاستی نیوە داگرت.
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەی داگرتنی ئاڵای وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە و لە پەیامێکیشدا نووسیوویەتی: "بۆ رێزگرتن لە گیان لەدەستدانی سەربازه ئەمریکییهكان و قوربانیانی تری ھێرشە تیرۆریستییەکەی کابوڵ، ئەفغانستان، ئێستا ئاڵای ئەمریکا لە کۆنسوڵخانە لە ھەولێر و لە ھەموو باڵەخانە حکوومییەکان لە دەرەوە بۆ نیوە ھێنراوەتە خوارەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا ئێمە لە پرسە و شیوەنداین بۆ قوربانیانی ئەم کارە دڕندانەیە، ئێمە نزا بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ ھەموو خێزان و خۆشەویستان کە لە ماتەمدان دەکەین".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە نزیک فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە شاری کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان، پەلامارێکی خۆکوژی ئەنجام درا و لە ئاکامدا زیاتر له ١٧٠ كهس كوژران كه ١٣یان سەربازی ئەمریکی بوون، هەروەها رێکخراوی تیرۆرستی داعش/ خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئهنجام دانی پەلامارەکە راگەیاند.