17 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین و شاندێکی باڵای حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربە پارتە جیاوازەکان لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا پێکھاتبوون.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، خاتوو دێرلاین و پەرلەمانتارانی یاوەری، چاونەترسی و بوێریی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی خاک و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و قوربانیدانیان لەم پێناوەدا بەرز نرخاند، ھەروەھا مەبەستی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان خستەڕوو کە لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خواست و پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان باسیان لە رەوشی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە بەردەوامیی ھاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران کردەوە و رایانگەیاند کە مەبەستیانە لە نزیکەوە بزانن لەمەودوا ھاوکارییەکان چۆن و چی بن و پرۆگرامی داھاتووی پەنابەران چی دەبێت؟.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ھاوپەیمانان و ئەڵمانیای کرد لە کاتە سەختەکاندا بەتایبەتی کاتی ھێرش و مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا جەختی لە قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کردەوە کە ئەویش بنەبڕکردنی ھزری توندڕەوی داعشە وھیوای خواست پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیار لە درێژکردنەوەی مانەوەی ھێزە مەشقکارەکانیان و بەردەوامیی ھاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان بدات، چونکە ھێشتا مەترسیی داعش ماوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپاسی ئەڵمانیا و فەڕەنسای کرد کە ساڵی رابردوو پشتگیرییان لە ھەرێمی کوردستان کرد لەو دۆخە دژوارەی رووبەڕوو ببوویەوە، دووپاتیشی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دەخوازێت بە ھێزەوە لە بەغدا بێت و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر بێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق دابین بکرێن.
نێچیرڤان بارزانی لە باسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا، ئاماژەی بە بوونی بانگەشەیەکی ھێمنانەی ھەڵبژاردن کرد کە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و دواتریش پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت دەستپێدەکات. ھەروەھا جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی کردەوە.