هەولێر
ئەمڕۆ پێنچ شەممە لە ژێر چاودێری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، كۆنفڕانسی ئابووری خستنەڕووی دەرئەنجامی توێژینەوەی هاوبەشی وەزارەتی پلاندانان و بانكی جیهانی بۆ هەڵسەنگاندنی كاریگەرییەكانی ئاوارە نێوخۆییەكانی عێراق و ئاوارەكانی سووریا لەسەر ژێرخانی ئابووری و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لەكۆنفڕانسەكە چەندین ئاماری ژێرخانی ئابووری بۆ ساڵی 2015 راگەیەنرا و هەروەها سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە و كۆنفڕانسە سوپاسی نوێنەری وڵاتانی بیانی و بانکی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەرنامەی و پلانی توکمەی بۆ سەقامگیری و بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و خۆشگوزەرانی كوردستان دانرابوو، بە جۆرێک کە پێشکەوتنەکان زۆر بە خێرا بوون. ھەرچەندە بەردەوام کێشەمان لە گەڵ بەغدا ھەبووە بەڵام لە سەر نەخشە جیھان دیار بووین".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "رووداوەکانی سووریا کاریگەریی راستەوخۆی خستە سەر ھەرێمی کوردستان ئەویش بە هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ئەو ناوچەیە. ئێمەش لە رووی پڕەنسیبی مروڤی و یاسای نێودەوڵەتی دەرکامان بۆیان کردەوە و بە گوێری توانا کۆمەک و یارمەتیمان پێشکەش کردن".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە جگە لە ئاوارەکانی سووریا، شەپۆلێکی زۆری ئاوارەی عێراقدش روویان لە هەرێم کردووە و رایگەیاند "لەساڵی رابردوو بە ھۆی رەوشی نالەباری عێراق گەورەترین شەپۆلی ئاوارەکان روویان لە ھەرێمی کوردستان کردەوە ئەویش بە ھۆی ھێرش کردنەوەی لە ناكاوی داعش".
بارزانی گوتی: "ئێمە وەك كوردستان دووچاری شەڕیكی نەخوازارو بووین و ئەم شەڕە ھیچ پلانێکی ستراتیژی بۆ دانەنرابوو و حکوومەتی عێراقیش لە سەرتای ساڵی رابردوو مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بری و کوردستان تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە. لەهەمان كاتدا ئێمە بڕوامان وایە کەئەم قەیرانە کۆتایی پێ دێ."
نێچیرڤان بارزانی لە درێژی قسەكانیدا لەو کۆنفڕانسە ئابوورییەدا گوتی: "پێویستی زۆرمان بە یارمەتییەكانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە رووی سەربازییەوە بۆ پێشمەرگە و لە رووی مرۆییەوە بۆ ئاوارەکان پێشکێشی بكەین. هەروەها بوونی یەک ملیون و 500 هەزار ئاوارە دیموگرافیای ھەرێمی کوردستانیان شێواندووە و ئەركی هەرێمی كوردستان لە بواری تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون و دەرفەتی کاردا زۆر قۆرس بووە و هەروەها کاریگەریی لە سە ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتییانیش كردووە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە ئێستادا بۆ ساڵی 2015 هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی یەك ملیارد و چوارسەد ملیون دۆلار هەیە بۆ پڕکردنەوەی کەم و کوڕییەکان".
لە کۆتاییدا سوپاسی پێشمەرگەی کوردستانی کرد کە بە خۆێنی خۆیان کوردستان دەپارێزن.
لە کۆنفڕانسەکە وەزارەتی پلاندانان و بانكی جیهانی راپۆڕتێکی هاوبەشیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە تێدا هاتبوودا لەئەنجامی هاتنی پەنابەرانی سووری و ئاوارە نێوخۆییەكانی عێراق، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری و مرۆیی مەزن بووەتەوە.
بە پێی راپۆڕتەكە گەشەی ئابووری هەرێمی كوردستان بە رێژەی 5% دابەزیوە و هەروەها رێژەی هەژاری لە 3.5% بۆ 8.1% بەرزبووەتەوە.
هاوکات ئەوەش خرایە روو کە بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریا و شەڕی چەکدارانی داعش لە عێراق، قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و بۆ ساڵی 2015 هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەك ملیار و 400 ملێون دۆلار سەرمایە هەیە.
لەکۆنفڕانسەکەدا تیشك خرایە سەر هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەكانی کاڵا و رێژەی بێكاری و زیاتر سەرهەڵدانی کرداری توندوتیژی و زیانی کۆمپانیاکان و دابەزینی رادەی وەبەرهێنان و چەندین پرسی دیکە کە کاریگەریی خراپی لە سەر ئابووری هەرێمی كوردستان دروست کردووە.
هاوکات نوێنەری تایبەتی بانكی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕۆبێرت باو ژودی گوتی" كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو بارودۆخەی كە هەرێمی كوردستان، بەهۆی هاتنی پەنابەرانی دەرەکی و نێوخۆیی رووبەڕووی بووەتەوە. ئێمە وەک بانكی نێودەوڵەتی لە عێراق بە پێویستی دەزانین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگا چارەیەكی خێرا بۆ ئەو مژارە بدۆزێتەوە.