Zana Natık Kerem
02 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر-بەغدایان تاوتوێ کرد، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گاز.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە، ھەردوولا دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کردووە و جەختیان کردووەتەوە لە گرنگیی دەستنیشانکردنی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەروەھا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دامەزرانی حکوومەتی نوێی عێراق دەرەفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەتوانێت کار بۆ ئارامی و سەقامگیریی وڵات بکات کە کاردانەی بەسەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەدا ھەیە.
نێچیرڤان بارزانی و ئالینا رۆمانۆسکی، ھەروەھا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگیی پەیوەندیی ھاوسەنگی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و ھاوڕابوون کە حکوومەتی نوێی عێراق دەرفەتی ھەیە بۆ ئەوەی لەڕێگای خۆشکردنی زەمینەیەکی لەبارەوە، ھانی وەبەرھێنان بدات، سەرمایە و کەرتی تایبەتی بیانی رابکێشێت بۆ ئەوەی بەشداری و ھاوبەشی لە پرۆسەی پێشخستنی وڵاتدا بکەن.
هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە، تیایدا وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی ئەمریکا بۆ برەودان بە ھاریکاری و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق تیشکی خستووەتەسەر پرۆسەی چاکسازی. یەکخستنەوەی پێشمەرگە، پشتگیری و ھاریکاریی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشانداوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کێشەکانی ھەولێر-بەغدا، گفتوگۆ و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گاز لەگەڵ بەغدا، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و گرنگیی ھێورکردنەوەی گرژییەکان، گۆڕانی ئاووھەوا، چاکسازیی ئابووریی، رەوشی ناوچەکە بەگشتیی خراوەنەتە بەرباس.