Heman Hussein Yaseen
02 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
شەوی رابردوو، بەھۆی کێشەیەکەوە، ژنێک پیاوەکەی دەکوژێت و دواتر تەرمەکەی دەسووتێنێت.
تاوانەکە لە گەڕەکی ھەڤاڵانی شاری ھەولێر ئەنجامدراوە و بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، تاوانەکە کاتێک ئەنجامدراوە کە ژن و مێردەکە بەھۆی کێشەیەکەوە دەبێتە دەمەقاڵییان و دواتر ژنەکە بە چەکوش پیاوەکەی دەکوژێت و دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، تەرمی پیاوەکە دەباتە گەرماوی ماڵەکەیان و لەوێ دەیسووتێنێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانییدا، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، ھۆگر عەزیز ئاماژەی بە تاوانەکە کرد و گوتی: "شەوی رابردوو، تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە بە رووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی ھەڤاڵانی شاری ھەولێر و لەسەرەتادا وا بڵاوکرایەوە کە پیاوێک لە گەرماوەی ماڵەکەیان خۆی سووتاندووە و گیانی لەدەستداوە".
ھۆگر عەزیز گوتیشی: "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە پیاوێک بەناوی ئەحمەد جەواد تەمەن ٤٣ ساڵ و فەرمانبەر لە وەزارەتی رۆشنبیری، بەدەستی ژنەکەی بەناوی (د.غ.م) تەمەن ٢٩ ساڵ و بە رەگەز عەرەبە لە رێگای چەکوشێکەوە لەسەری دراوە و گیانی لەدەستداوە، دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکە، ژنەکە تەرمی ھاوسەرەکەی گواستووەتەوە گەرماوی ماڵەوە و نەوتی پیاداکردووە و سووتاندوویەتی، دواتریش ژنەکە دەستی دوو منداڵەکەی گرتووە و ماوەی چەند خولەکێک ماڵەکەی بەجێھێشتووە و دواتریش لەگەڵ دراوسێکانی چووەتەوە سەر رووداوەکە".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، ھۆگر عەزیز راشیگەیاند کە ژنەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.