هەولێر - AA
سهرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی راگهیاند، چارەسەری کێشەکانی حکوومەتی هەرێمی لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی نە تەكنیكییە نە یاساییە، سیاسییە، بڕیاری سیاسی لە بەغدا هەبێت، ئێمە دەتوانین هەموو ئەم بابەتانە بە ماوەیەكی زۆر زوو چارەسەر بكەین.
مەسرور بارزانی لە میانی دیداری مێری بهشداریی له پانێڵێکدا كرد و باسی لە پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) کە پانێڵەکەی بەڕێوەدەبرد، پرسیاری ئەوەی لە سهرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی کرد کە یەكەم نەسیحەتت بۆ محەمەد شیاع سوودانی چیە؟ مەسرور بارزانی لە وەڵامدا گوتی: "پێش هەموو شت هیوادارم سەركەوتوو بێت لەو ئەركەی پێی سپێردراوە، قسەشم لەگەڵی كردووە و پیرۆزباییم لێی كردووە. دەزانم ئەركێكی قورسە چونكە عێراق بە دۆخێكی قورسدا تێپەڕێت، هەندێكی لەوانەیە كاریگەریی دەرەوە بێت لەسەر عێراق و هەندێكیشی لەوانەیە بەهۆی ئەو كارانە بێت كە لە حكوومەتەكانی پێشووتر روویان داوە، راستكردنەوەی ئەو هەڵانە كارێكی ئاسان نییە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "من ناتوانم بڵێم وەكو ئامۆژگاریی، بەڵام وەكو دەربڕینی رەئی، پێموایە ئێستا خەڵكی عێراق لە هەموو كاتێک زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزارییە، خەڵک پێویستی بە ئاوی خواردنەوە، كارەبا، قوتابخانە، بنكەی تەندروستیی، ئاسایش، ژیانێكی بەختەوەرە، بۆیە هەر سەرۆكوەزیرانێک بیەوێت سەركەوتوو بێت، دەبێ پێش هەموو شتێك هەوڵی زیادكردنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك بدات. ئەگەر بەڕێز سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق زیاتر هەوڵبدات بۆ خزمەتكردنی خەڵكی، بنبڕكردنی گەندەڵی، خێراتركردنی ئیشوكارەكان تا بەپەلە بكرێن لە وەزارەتەكانەوە، ئەمە زۆر یارمەتیدەری دەبێت چونكە عێراق لە ئاستێكدا وەستاوە هەر پێشكەوتنێک زۆر دێتە بەرچاو، ئەمە پێشكەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ سەرۆكوەزیران و ئەم حكوومەتەی ئێستا پێكهاتووە. هیوادارم لایەنەكانیش پشتیوانی بن، چونكە بەداخەوە زۆرجار دەبینین كە لایەنە سیاسییەكان لە جیاتی ئەوەی یارمەتیدەری حكوومەتەكە بن یان سەرۆكوەزیران بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەجێندایەی كە پێشكەشی دەكات، هەندێكجار وادەكەن حكوومەت خەریكی ململانێی سیاسی بێت، ئەمەش وادەكات ئەركی خۆی لەبیر بچێت یان رێگەی لێ دەگیرێت. هیوادارم لایەنەكانیش پشتیوانی بن بۆ ئەوەی بتوانێت سەركەوتوو بێت".
لە وەڵامی ئەوەی کە ئەگەر بتەوێت یارمەتیی حكوومەتی عێراق بدەیت، چۆن یارمەتی دەدەیت؟ مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە ئەزموونێكمان هەیە، ئەم سێ ساڵەی رابردوو بۆ ئێمە سێ ساڵی ئاسان نەبووە، ئەجێندایەكمان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرد كە ئەجێندایەكی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەتی هەرێم بوو، هەوڵمانداوە ئەو ئەجێندایە جێبەجێ بكەین، زۆریشی جێبەجێ كراوە، دەتوانم بڵێم ئەم كابینەیە زۆر لە چوارچێوەی ئەجێنداكانی خۆیدا كاری كردووە و زۆریشی جێبەجێ كردووە، ئێمە دەتوانین ئەو هەنگاوانەی كە تێیدا سەركەوتوو بووین یان ئەو ئەزموونەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا دەستمان كەوتووە، ئەو دەستكەوتانەی كە هەشبوون و لە زۆر شوێنی تریشدا گوتوومانە، دەتوانین ئەم ئەزموونانە باس بكەین و لە خزمەتی هەموو عێراقدا بەكار بێنین".
مەسرور بارزانی نموونەی بۆ هەنگاو و کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێنایەوە و گوتی، "ئێمە دەستمان كرد بە ریفۆرم یان چاكسازییەكان، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا دەبێ بڵێم كە چاكسازی نەبووە، دروستكردن بووە، چونكە زۆر لەو ژێرخانەی كە پێویست بووە لە رووی ئیدارەدان یان لە رووی ئابوورییەوە لەبەر زۆر هۆكار كە پێشتر كوردستان تووشی هاتووە، بوونی نەبووە، بۆیە هاتووین زۆربەی ئەو شتانەمان دروست كردووە كە زۆریشی ماوەی دەوێت تاكو ئەنجامەكانی بێنە دەست و بەدیار بكەون، یەكێک لەو بابەتانەی كە زۆر كاری باشمان تێدا كردووە، بابەتی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانە، بە ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكانە كە دەتوانم بڵێم لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ كوردستان ئیتر هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی بە شێوەی دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی دەكرێن و هیچ كاغەزی تێدا بەكار نایەت. ئێمە لەمەدا لەپێشین، دەتوانین ئەم ئەزموونە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكوومەتی فیدرالی باس بكەین كە چۆن ئەوانیش دەتوانن ئەمە بكەن".
گوتیشی "لە رووی فرەچەشنكردن یان هەمەجۆركردنی ئابوورییەوە، ئێمە لە كوردستان پێموایە ئەم سێ ساڵە ئەزموونێكی سەركەوتوومان هەیە كە تەنیا بیرمان لەوە نەكردووەتەوە كە كەرتی وزە یان نەوت و غاز پەرە پێ بدەین، بەڵكو هاتین و گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتی كشتوكاڵ دا، بە گەشتوگوزاری دا، بە پیشەسازی دا، هەرچەندە بەداخەوە زۆریش چانسمان نەبوو، چونكە هەر لە سەرەتاوە پەتای كۆرۆنا رووی تێكردین و جووڵەی گەشتوگوزاریی و هەتا بازرگانیش زۆر زەرەری پێگەیاندین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە نەوەستاین، توانیمان هەنگاوی باش بهاوێژین، توانیمان لە رووی كشتوكاڵییەوە دەستكەوتی باش بهاوێژین، لە مانگی داهاتوو یەكەم هەناردەكردنی گەورەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ دەكات. دواتر دەتوانین باسی وردەكارییەكەشی بكەین، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمە دەستكەوت و هەنگاوێكی زۆر زۆر باشە كە ئێستا دەستكەوتووە و دەكرێت، لە زۆر رووی ترەوە ئێمە شتی باشمان كردووە".
دلاوەر عەلائەددین پرسیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر محەمەد شیاع سودانی بیەوێت كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام پێویستی بە هاوكاریی ئێوە بێت، ئێوە چۆن هاوكاری دەكەن؟ مەسرور بارزانی لە وەڵامدا گوتی: "كە باسی كێشەی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان دەكەین، بێگومان هەردوولا پێویستە هاوكاری یەكتر بن، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆمان نیشان داوە و لە هەموو رووێكەوە ئامادەین بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشانەی تاكو ئێستا لە نێوان هەردوولامان ماونەتەوە و چارەسەر نەبوون، یەكێك لەوانە بابەتی كێشەی نەوت و غاز، تاكو ئێستا عێراق یاسای نەوت و غازی نییە. دوای پەسەندكردنی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥، یاسای نەوت و غازی نییە، یەكێک لەو شتانە ئێمە دەتوانین بە یەكەوە یاسای نەوت و غاز بنووسین و بینێرینە پەرلەمان پەسەند بكرێت، ئەمە دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر و ئەم كێشانەی كە ئێستاش هەن، هەموویان چارەسەر دەبن بەم شێوەیە. ئەمە یەك. بابەتی دووەم، بابەتی ناوچە كێشە لەسەرەكانە كە هەموومان دەزانین، بەپێی دەستوور، ماددەی ١٤٠ دیاریكراوە كە بە چ شێوەیەک چارەسەر دەكرێت، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا حكوومەتی عێراقی نەهاتووەتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە وەكو لە دەستووردا هاتووە. ئەمە ئەگەر نیەتی باش لە حكوومەتی فیدرالیدا هەبێت، بێگومان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی ئەوەمان هەیە كە هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشەیەش چارەسەر بكرێت. ئەمەش بە چەند قۆناغێك دەكرێت كە لە دەستووردا هاتووە، نامەوێ بچمە وردەكارییەكان، بەڵام چارەسەركردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان یەكێک دەبێت لە خاڵە هەرە گرنگەكانی نزیككردنەوەی حكوومەتی فیدرالی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئێمە ئەو ئامادەییەشمان تێدایە، بۆ نموونە ئامادەیی دروستكردنی هێزی هاوبەش یان لیوا هاوبەشەكان بۆ ئەوەی لەو سنوورانەی كە ئێستا داعشیش بە داخەوە سوودی لێ دەبینێ و لەوێدا مناوەرە دەكات و دەبێتە مەترسی بۆ سەر هێزەكانی عێراقی و خەڵكی سڤیلیش لەو ناوچانە، ئێمە ئامادەیی ئەوەمان هەیە، بەڵام تاكوو ئێستا حكوومەتی عێراق وەكو پێویست نەهاتۆتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە. ئەمە خاڵێكی تر دەبێت لە هاوكاریكردن".
لەبارەی پرسی بوودجەوە، مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە چەندینجار شاندی هەرێمی كوردستانمان ناردووەتە بەغدا، لە رووی تەكنیكییەوە من زۆر زۆر پشتڕاستم كە شاندی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە دەستی پڕەوە چوون و زاڵبوون لەسەر هەموو ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ لایەنەكانی حكوومەتی فیدرالی دەیانكرد، چونكە هەموو شت بە رەقەمە و رەقەمەكانیش دیارن، كە حكوومەتی هەرێم مافەكانی چییە و ئەركەكانیشی چییە. ئەم شتانە لەو كاتەوەی كە من هاتوون، لەگەڵ حكوومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی باس كراوە، لەگەڵ حكوومەتی بەڕێز مستەفا كازمیش باسكراوە، جارێكی تریش ئێمە ئامادەین شاند بنێرینەوە بۆ ئەوەی باسی هەموو ئەو خاڵانە بكەن. حكوومەتی هەرێم چ مافێكی هەیە كە حكوومەتی فیدرالی پێی بدات، هەروەها چ ئەركێكیشی هەیە كە ئێمە جێبەجێی بكەین، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەموو ئەو خاڵانە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە جێبەجێ نەكراوە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "یەكێک لەو هۆكارانەی كە حكوومەتی عێراق تاكو ئێستا نەیتوانیوە ئەم شتانە جێبەجێ بكات، سەرۆكوەزیران مافەكانی خۆی یان دەسەڵاتی خۆی بەكار نەهێناوە، یان پشتیوانی نەبووە. هەمیشە كێشەی ئەوەی هەبووە كە گلەیی ئەوەی كردووە، پشتیوانیی سیاسی لە لایەن حزبە سیاسییەكانەوە نەبووە، مەترسی هەبووە، چارەسەركردنی كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە لایەن هەندێک حزبەوە دژی سەرۆكوەزیران بەكار هاتووەتەوە، لەبەر ئەوە پاشگەز بووەتەوە كە بێن ئەوە چارەسەر بكەن. بۆیە چارەسەری ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی نە تەكنیكییە نە یاساییە، سیاسییە، بڕیاری سیاسی لە بەغدا هەبێت، ئێمە دەتوانین هەموو ئەم بابەتانە بە ماوەیەكی زۆر زوو چارەسەر بكەین".
سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە بە مەسرور بارزانی گوت، قسەكانی ئێوە هەندێک دەستپێشخەری تێدایە، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بڕیاری داوە لە شەش مانگدا هەندێك كێشەی گەورە چارەسەر بكات، ئایا بە نیازی دەستپێشخەریت؟ مەسرور بارزانی: "ئێمە هیوادارین، تەبعەن ئێمە پێشتر قسەمان كردووە لەگەڵ جەنابی سەرۆكوەزیران و ئەو لایەنانەی لە پێكهێنانی ئەم حكوومەتەش بەشدارن، هەندێک بنەما هەن كە ئێمە رێككەوتووین لەسەری، یەكێک لەو شتانەی كە جەنابت باسی دەكەیت، ئێمە داوامان نەكردووە مافمان بدەنێ، مافی خۆمانە، ئەگەر تاكو ئێستا وەرماننەگرتووە، لێمان سەندراوەتەوە نەک بە ئێمەیان نەدابێت، چونكە هی خۆمانە و ماف بە كەس نادرێت، بەڵام ئێمە لەسەر هەندێك بنەما تێگەیشتنمان هەیە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "یەكێک لەو شتانەی كە ئێمە داوامان كردووە شەراكەتی راستەقینەیە، بۆچی؟ ئێمە نامانەوێت بچین بەشداربین لە حكوومەت، بەشداریكردن لە حكوومەت لەگەڵ ئەوەی تۆ خاوەن بەش بیت لەگەڵ ئەوەی بەشداریی راستەقینە بكەیت لە حكوومەت، دوو شتی جیاوازن. دووەم، بابەتی ئەو پۆستانەی كە بڵێم بەشی ئێمە و خەڵكی ئەم ناوچەیەن، ئەوانەش پێویستە وەكو خۆی پێیان بدرێت بەپێی ئەو رێژەی دانیشتوانەی كە هەیە، خەڵكی بە توانا هەن، من ناڵێم ئەوەی پێشتر باسی موحاسەسە و ئەوانە دەكرا، من نازانم هەندێكجار ئەو وشانە بەكار دەهێندرێن، بە دروستی نازانم، چونكە خەڵكی بە كەفائەت لە نێو هەموو پێكهاتەكان هەیە و دەتوانن دەوری خۆیان ببینن، لە لایەكی ترەوە بابەتی بڕیاردان لەسەر بابەتە ستراتیژییەكان، ئێمە دەمانەوێ هاوبەش و بەشدار بین لە بڕیاردان لە بابەتە ستراتیژییەكان لە عێراقدا بۆ ئەوەی شتەكان بەسەر ئێمەدا نەسەپێت، ئەگەر ئێمە بەشێكین لە عێراقێكی یەكگرتوو، دەبێ خاوەن هەموو مافێک بین و خاوەن هەموو بڕیارێكیش بین و بەشدار بین لە وەرگرتنی بڕیارەكان، پێموایە نیەتی خۆمان پیشان داوە، من ئامادەم هەر كاتێكیش پێویست بوو سەردانی بەغدا بكەین، دەچین و شاند دەنێرین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكەین، ئەوەی بتوانین یارمەتییان بدەین، ئێمە ئامادەین، بەڵام چاویشمان لەوەیە كە چیتر مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل نەكەن و بۆمان بگەڕێننەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەشداریی ئێمە لە بەغدا تەنیا بە رێگەی نوێنەرایەتی نییە، هەر كەسێک خەڵكی كوردستان لە بەغدا پۆست وەربگرێت، دەبێت نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیش و هەموو عێراقیش بكات، بۆیە زۆر پۆست هەیە كە هی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، جگە لە پۆستە وەزارییەكان، لە پۆستەكانی خوارووتریش هێشتا ماونەتەوە و پڕنەكراونەتەوە، بەداخەوە لە حكوومەتەكانی پێشووتر بە شێوەیەكی سیستەماتیكیش ئەم پۆستانە لە كورد خاڵی كران، كوردەكان بەدەر نران و خەڵكی تر لە شوێنیان دانران، ئێستا پێویستە ئەم پۆستانە جارێكی تر پڕ بكرێنەوە. بوونی خەڵكێكی زۆری هەرێمی كوردستان لە بەغدا و حكوومەتی فیدرالی، دەبێتە هۆكارێک بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییەی كە هەموو گلەیی لێ دەكەن و دەڵێن سست بووە، یەكێک لە هۆكارەكانی ئەمەیە چونكە رێگە نەدراوە ئەم پەیوەندییە پتەو بكرێت. ئەمەش نەک لە لایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، هەرێمی كوردستان هەمیشە تووشی پەرچەكردار بووەتەوە لەوەی كە رێگەی لێ گیراوە، ئینجا هەرێمی كوردستان هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی فیدرالی ببێتەوە، ئەگەر ئێستا دەرگای بەغدا بە رووی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كراوە بێت، من دڵنیام خەڵكێكی زۆر بە توانامان هەیە، دەتوانن هەم ئەزموونی هەرێمی كوردستان ببەن بۆ بەغدا، هەم دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لە هاوكاریكردنی حكوومەتی فیدرالی".
news_share_descriptionsubscription_contact

