Zana Natık Kerem
31 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی ئامادەیی خۆی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر نیشاندا و ڕایگەیاند "دەستی ئاشتبوونەوەم بۆ سەدر درێژ کردووە".
نوری مالیکی لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنییدا ڕایگەیاند: "دەستی ئاشتبوونەوەم بۆ سەدر درێژ کردووە و پێشوازیی لە ھەر ھەوڵێک دەکەم کە لەو بارەیەوە بخرێتەگەڕ".
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی میکانیزمی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر گوتی: "میکانیزمی ئاشتبوونەوەکە ھەر چۆنێک بێت، ئامادەیین جێبەجێی بکەین، چی من بچم بۆ ناوچەی حەنانە لە نەجەف یان موقتەدا سەدر بێت بۆ بەغدا".
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی ڕاشیگەیاندووە: "لە ناکۆکییەکاندا، ھیچ شتێکمان بەدەستنەھێناوە، بۆیە واقع ناچارمان دەکات پەنا بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن ببەین".
ناکۆکییەکانی نێوان نوری مالیکی و موقتەدا سەدر بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەڕێتەوە کە ئەو کات بە فەرمانێکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری ماليکی، سوپای عێراق بە پشتیوانی ھێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا ھێرشی کردە سەر چەکدارنی سەدر ( سوپای مەهدی) و لە ماوەی یەک ساڵدا، سوپای مەهدی کوشتارێکی زۆری دا، لە ئێستاشدا سوپای مەهدی ناوی بۆ سەرایا سەلام گۆڕدراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە، ناکۆکی قوڵ کەتووەتە نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی کە تا ئێستاش بەردەوامە.
موقتەدا سەدر، نوری مالیکی بە "گەندەڵ و کردەی توندوتیژی" تۆمەتبار کرد، ھەروەھا ھۆکاری داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی خستە ئەستۆی سیاسەتەکانی نوری مالیکی.