Mustafa Deveci,Emre Gürkan Abay
31 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2023
مۆسکۆ|ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئەنجامی دەدات، باس لە بابەتە هەرێمیی و جیهانییەکان دەکات، بەتایبەتی زیندووکردنەوەی هەوڵی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش و کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا بە ڕێگەی ئاشتیی و دادپەروەری.
پێش کۆبوونەوەیان لە مۆسکۆ، فیدان و لاڤرۆڤ هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە لە مۆسکۆ ئەنجامی دەدەن.
فیدان باسی لەوە کرد کە وەک وەزیری دەرەوە ئەوە جاری یەکەمە سەردانی مۆسکۆ دەکات و سوپاسی هاوتا ڕووسییەکەی کرد بۆ ئەو میوانپەروەرییەی نیشانیان داوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لەوە کرد کە ڕۆژەڤی ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ لاڤرۆڤ ئەنجامی دەدات چڕە و لە پاڵ بابەتە دووقۆڵییەکان بابەتە هەرێمیی و جیهانییەکانیش تاوتوێ دەکەن.
فیدان ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو ڕاوێژە دووقۆڵییانەی ئەنجامی دەدەن ئامادەکاریین بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لە سۆچی ئەنجامی دەدەن و گوتی: ''بابەتەکانی زیندووکردنەوەی هەوڵی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش و کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا بە ڕێگەی ئاشتیی و دادپەروەری لە ڕۆژەڤماندا دەبێت. باس لە کۆمەڵێک بابەتی هەرێمیی و جیهانیش دەکەین، بەتایبەتی سووریا و باشووری قاوقاز''.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لاڤرۆڤ، هیوای سەرکەوتنی بۆ فیدان خواست وەک وەزیری نوێی دەرەوەی تورکیا و، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لە کاتێکی زۆر گرنگدا ئەنجام دەدرێت.
لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتین لە کاتێکی نزیکدا و گوتی: ''ئەمڕۆ دەتوانین بە وردی لەو بابەتانە وردبینەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرکردەیەدا دەبێتە ڕۆژەڤ''.
هەروەها لاڤرۆڤ باوەڕی خۆی نیشاندا بەوەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان سوودبەخش دەبێت.