Ekrem Biçeroğlu
31 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2023
تەرابلوس - AA
سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا، عەبدولحەمید دیبەیبە ئاماژەی بەوە کرد کە بە پشت بەستن بە یاسا دادپەروەر و شەفافەکان، پێویستە لە کورترین ماوەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەوڵەت و پەرلەمان لە وڵاتدا بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن حکوومەتی لیبیاوە بڵاوکراوەتەوە، دیبەیبە لەگەڵ هەریەک لە نوێنەری تایبەتی فەڕەنسا بۆ کاروباری لیبیا، پاوڵ سۆلەر و باڵیۆزی فەڕەنسا لە تەرابلوس، موستەفا میهراک کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕەوشی سیاسیی لە لیبیا و وڵاتانی دراوسێی کراوە لەگەڵ پێشهاتەکانی دۆسیەی هەڵبژاردن.
دیبەیبە لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە: ''بە پشت بەستن بە یاسا دادپەروەر و شەفافەکان، پێویستە لە کورترین ماوەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەوڵەت و پەرلەمان لە لیبیا ئەنجام بدرێت''.
نوێنەری تایبەتی فەڕەنسا بۆ کاروباری لیبیا سۆلەر، باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانی و ئەو ھەنگاوانە دەکات کە ھەڵیناوە بۆ ھەرچی زووە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.
لەو کۆبوونەوانەی لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیالۆگی سیاسیی لیبیا کە بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا بەڕێوەچوون، بڕیاردرابوو لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەوڵەتی وڵاتەکە و پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان گرووپەکانەوە تا ئێستا نەتوانراوە ھەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەتی لیبیا، محەمەد تەکیلی، لە ١٤ی ئابدا بڵاویکردەوە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی وڵات پەیوەندی دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و شەفاف.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لیبیا، محەمەد ئەلمەنفی بۆ یەکەم جار لە ٢٠ی ئابدا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، عەقیلە ساڵح و سەرکردە هێزە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، خەلیفەر حەفتەر کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە پرۆسەی سیاسیی لە وڵاتدا لەلایەن لیبییەکانەوە بەڕەوەبچێت.