Behlül Çetinkaya
31 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2023
لەندەن - AA
وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بێن والاس بە گوتنی: ''لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوومە پەرلەمانتار و دوای ساڵانێکی زۆر ئیدی کاتی ئەوە هاتووە لەو بەشانەی ژیانم کە پشتگوێم خستووە وەبەرهێنان بکەم و دەرفەتی نوێ بدۆزمەوە'' دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.
والاس لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، ریشی سوناک ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوای کۆتایی ئەرکی وەزیری کە چوار ساڵ بەڕێوەی بردووە، سوپایەکی هاوچەرختر، زیاتر متمانە بەخۆ و پڕچەکتری بەجێهێشتووە.
لەو نایەمەیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی سوناکی کردووە، والاس باسی لەوە کردووە کە سوپای بەریتانیا بەتایبەتی لە دوای جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیاوە بووەتە سوپایەک لە جیهاندا زیاتر ڕێزی لێدەگیرێت و گوتی: ''دەزانم ناخوازن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی خەرجییەکانی بەرگری بە ئارەزوومەندانە پەسەند دەکرا''.
والاس لە نامەکەیدا باوەڕی خۆی وا نیشانداوە کە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا جیهان نائارام و ناسەقامگیرتر دەبێت و دەڵێت: ''هەردووکیشمان دەزانین کە ئەمڕۆ تەواو کاتی ئەوەیە وەبەرهێنان بۆ داهاتوو بکەین''.
بێن والاس کە لە ساڵی ١٩٩١دا پەیوەندی بە سوپاوە کردووە، ئاماژەی بەوە کرد کە خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی وڵات و ، گوتی: ''ئەم پابەندییەم باجێک بوو بۆ من و خێزانەکەم. لە پاش بیرکردنەوەیەکی زۆر بڕیارمدا ڕێگە بە دەستلەکارکێشانەوەم بدەم. لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوومە پەرلەمانتار و دوای ساڵانێکی زۆر ئیدی کاتی ئەوە هاتووە لەو بەشانەی ژیانم کە پشتگوێم خستووە وەبەرهێنان بکەم و دەرفەتی نوێ بدۆزمەوە''.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سوناک، وەڵامی نامەکەی والاسی دایەوە و ڕایگەیاند: ''دەورێکی گرنگت گێڕا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا''.
سوناک باسی لەوە کرد کە والاس خاوەنی کەسایەتییەکە کە لە ساتە زۆر سەختەکاندا توانای بڕیاردانی گرنگی هەیە و، دەورێکی گرنگیی هەبووە لە گواستنەوەی زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لە ئەفغانستانەوە.
هاوکات سوناک نامەی دەستلەکارکێشانەوەی والاسی پەسەند کرد و ڕایگەیاند: ''تەواو لە خواستی دەستلەکارکێشانەوەتان لە پاش ئەرکێکی وەزاری سەختی هەشت ساڵی تێدەگەم. سوپاست دەکەم بۆ ئەرکەکەت و بە ڕێزەوە یادت دەکەمەوە''.
هاوکات وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی وزە، گرانت شاپس وەک وەزیری نوێی بەرگریی خرایە شوێنی بێن وەلاس.
لەو بارەیەوە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکیدا باسی لەوە کرد کە شا چارلسی سێیەم بڕیاری دامەزراندنەکەی پەسەند کردووە.