Muhammet Ali Kemal
21 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2016
حكوومەتی بەریتانیا رایگەیاند كە تا ساڵی ٢٠٢٠ سێ هەزار منداڵی پەنابەری سووریی وەردەگرێت.
جێگری وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش و كۆچ، جەیمس برۆكنشایەر لە لێدوانێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وەرگرتنی ئەو سێ هەزار منداڵە كۆچبەرە لەچوارچێوەی ئەو ٢٠ هەزار پەنابەرەدا نییە كە ساڵی رابردوو حكوومەتی وڵاتەكەی رایگەیاند تا ساڵی ٢٠٢٠ وەریاندەگرێت.
برۆكنشایەر ئاشكرای كرد ئەو منداڵانەی وەردەگیرێن، لەو منداڵانەن كە بێ سەرپەرشتیارن و هەروەها ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە كە مەترسی هاوسەرگیری پێشوەخت و بەخراپ بەكارهێنانیان لەسەرە و رایگەیاند ''حكوومەتی بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی ئەو منداڵانەی بەهۆی قەیرانی مرۆییەوە دۆخی ژیانیان تێكچووە''.
پێشتر حكوومەتی بەریتانیا رایگەیاندبوو پرۆسەی وەرگرتنی ئەو منداڵانە ''گەورەترین بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەرانە لەسەر ئاستی جیهان'' و چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەك لە منداڵەكان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكانیان یان سەرپەرشتیارانیان بچنە بەریتانیا.