Abdullah Shukur
22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەڵاحەددین سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کرد.
ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق، فواد حوسێن ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کراوە، ھەروەھا بیروڕا لەبارەی رێگەی چارەسەری بۆ قەیرانی ئێستای عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، ئاڵوگۆڕ کراوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە رۆشنایی خراوەتەسەر بابەتی گۆڕینی یاساکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تایبەت یاسای نوێی ھەڵبژاردن و ھەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ھەر گۆڕانکارییەک پێویستە بە ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان و وڵاتدا بێت.
ھاوکات بارودۆخی سیاسیی لە ئاستی ھەرێمایەتی و ناوچەیی تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بووە.