Rewa Mahmood Hasan
22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی کۆبوونەوەی نوێبوونەوە، لە دووەمین رۆژیدا بەسەرکەوتوویی کارەکانی خۆی بەڕێکرد و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە پەسند کرا، هاوکات مەرجەکانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی(گشتی) دیاری کران.
لە دووەمین رۆژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کە لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی تاسڵوجە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تیایدا بەزۆرینەی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە پەسندکرا، هاوکات مەرجەکانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی(گشتی) دیاری کران.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە ٢٣ی کانوونی یەکەم پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدانی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی (سەرکردایەتی) ئەنجام بدرێت کە ١٢١ کەسن و پێشتر و لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا سێ لەوانە بە دەنگدانێکی ئاشکرا، وەک ئەندام سەرکردایەتی هەڵبژێردرابوون ئەوانیش هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواس فایەق و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بوون.
لەبارەی ئەو مەرجانەی کە ئەمڕۆ لە نێو کۆنگرە دەنگی لەسەر دراوەو دیاریکراوە بۆ کاندیدانی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامی کۆنگرەی چوارەم، رزگار حاجی ئاماژەی بەوەدا کە یەکەم مەرج بۆ ئەوانەی خۆیان پاڵاوتووە بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی گشتی بڕوانامەیە کە دەبێت بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت، دواتریش پلەی حزبیی کارگێڕی مەڵبەند و لەسەرووتر بێت.
رزگار حاجی ئاماژەی بەوەشدا کە هەموو پێشمەرگە پارتیزانەکان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر لەم مەرجانە بەدەردەکرێن و هیچ مەرجێک نایان گرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە تەحسین نامق کەپێشتربەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی یەکێتی بووە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان ئاماژە بەوە دا کە یەکێکی دیکە لەمەرجەکان ئەوەیە، کاندیدی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نابێت خاوەنی فایلی گەندەڵی، دەستتێکەڵکردن لەگەڵ حزبی بەعس بێت و فایلی حزبی و ئەمنی هەبێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دواخستنی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدانی ئەنجوومەنی گشتی(سەرکردایەتی)، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەدا کە دواخستن لە پرۆسەی دەنگداندا نەکراوە، بەڵکو پرۆسەی دەنگدان بۆ ١١٨ کەس زۆر دەخایەنێت، کەلەنێو هەزار کەسی ئەندامی کۆنگرەدا بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەوە لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکرێت پرۆسەی دەنگدانەکە بکرێت بە ئەلیکترۆنی و هەمان رۆژ لەکاتی دەنگدانەکەدا جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەنجام بدرێت"
هەر لەوبارەیەوە ئەندامی کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یوسف گۆران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمرۆ لیستی کاندیدەکانی ئەنجوومەنی گشتی(سەرکردایەتی) چاوخشاندنەوەی پیادا دەکرێت تاکو بزانرێت کامیان ئەو مەرجانەیان تیادایە کە ئەمڕۆ پەسەند کراوە لەلایەن کۆنگرەوە، دواتر لیستەکە پوخت دەکرێت و ئەو کاندیدانەی مەرجەکانیان تیادایە ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی لە لیستی کاندیدیدا دەمێننەوە.