Heman Hussein Yaseen
22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق، فوئاد حوسێن ئامادەی بوو، ھەردوولا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پرسی دامەزراندنی کابینەی داھاتووی حکوومەتی عێراق و ئەو پڕۆژەیاسایانەیان تاوتوێکرد کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر کاری ھاوبەش و دۆزینەوەی رێگاچارەی ئەرێنی بۆ کێشەکان بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستە رەواکان بێت و لە خزمەتی تەواوی وڵات و گەل و پێکھاتەکانی عێراقدا بێت.
هەروەها ھەردوولا کۆک بوون لەسەر پشتیگریی ھاوبەشەکانیان لە پرۆسەی سیاسی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق بە شێوەیەک لەگەڵ خواست و داوای گەلی عێراقدا بێتەوە.