Rewa Mahmood Hasan
22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە پەسەند کرا.
رۆژی دووەمی کۆنگرەی "نوێبوونەوە"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست بەکارەکانی کرد و چاوەڕوان دەکرێت ١١٨ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی متمانەی کۆنگرەیان پێ بدرێت. تا ئێستا پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە پەسەند کراوە.
ھەروەھا کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەرجەکانی کاندیدبوونی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی گشتی پەسەند کرد.
بەپێی پێکھاتەی نوێی رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجوومەنێکی گشتی کە لە ١٢١ کەس پێکھاتووە، ئەرکی رابەرایەتی یەکێتی دەگرێتە ئەستۆ و دوێنێ و لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا سێ کەسیان ھەڵبژێردران.
بەرھەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق ھەڵبژێردراوانی یەکەمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی بوون کە متمانەی کۆنگرەیان بەدەست ھێنا.
١٢١ کەسەکە نوێنەری سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی لە ٣٢ ئەندامی بازنەی سلێمانی، ٩ی راپەڕین، ٥ی دیالە، ٢٤ی ھەولێر (کە ٤یان کۆیە و ٥یان سۆرانە)، ھەروەھا ٢٩ ئەندامی کەرکووک، ١٠ی نەینەوا و ١ ئەندامی بەغدا و ٤ نوێنەری دەرەوەی عێراق دیاری دەکرێت.