مەسعود بارزانی: "نیگەرانی لە چارەسەرنەبوونی دۆخی شنگال و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەردەبڕم"
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی نیگەرانیی خۆی لە چارەسەرنەبوونی دۆخی شنگال و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەربڕی.
Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە چارەسەرنەبوونی دۆخی شنگال و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوەی دووپات کردەوە کە بە تەواوەتی پاڵپشتی ماف و داواکاریی ئێزدییەکان دەکات و داوای لێکردن کە یەکڕیزیی ناوخۆییان بپارێزن و رێگە نەدەن دەنگی لابەلا و نامۆ زیان بە شوناس و ماف و ئایین و داھاتوویان بگەیێنێت.
مەسعود بارزانی بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کرد و ھیوای خواست ئەم بۆنەیە دەستپێکێک بێت بۆ کۆتایھاتنی ئێش و ئازاری ئێزدییەکان و لە ئارامی و ئاشتیدا جەژن و بۆنەکانیان بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان ھاتووە "لێرەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆم لە چارەسەرنەبوونی دۆخی شنگال و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوە دووپات دەکەمەوە کە بە تەواوەتی پاڵپشتی ماف و داواکاریی خوشک و برایانی ئێزیدیم و داواشیان لێ دەکەم یەکڕیزیی ناوخۆییان بپارێزن و رێگە نەدەن دەنگی لابەلا و نامۆ زیان بە شوناس و ماف و ئایین و داھاتوویان بگەیێنێت و پێویست دەکات ھەموویان بە یەکگرتووییەوە لەسەر ماف و داوا رەواکانیان پێداگر و مکوڕ بن".