Sarmand Hameed
02 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی، لە سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی پەیامێكی ئاراستەی هەردوو كوڕەکەی مام جەلال، بافڵ و قوباد تاڵەبانی کردووە و رایگەیاندووە، "ئێستا زیاتر لە هەموو کات هەست بە خەسارەتی لە دەستدانی دەکەم".
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی کە لە میدیاکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بڵاوبووەتەوە و بەناوی (برازاکانم کاک بافل و کاک قوباد) ئاراستەی هەردوو كوڕەكەی و مام جەلالی كردووە نووسیویەتی،"لە یادی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی برای بەڕێزم مام جەلال لەگەڵ پێشکەشکردنی رێز و پێزانینم بۆ دەوری کاریگەری بەڕێزیان لە کاتی خەباتی شوڕشگێرانە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا و لەکاتی سەرۆکایەتی عێراقدا وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد، ئێستا زیاتر لە هەموو کات هەست بە خەسارەتی لە دەستدانی دەکەم".
بارزانی رووی لە پەیامەکەیدا کە بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەڵێت ،"هیوادارم ئێوەش بەردەوام بن لەوەی درێژە بە رێگای باوکتان بدەن بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلەکەمان و درێخی نەکەن لە پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی".
رۆژی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا، سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.