Sarmand Hameed
04 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرچاوەکانی داهات لەناو هەرێمی کوردستان زۆر بکرێن و تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت، و جەختی لە پێویستی بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی کردەوە.
مەسرور بارزانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی فەیس بووک و ئینستاگرام وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەی دایەوە کە هاووڵاتییان ئاراستەیان کردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری پلانی حکوومەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی چییە دەڵێت "ئەگەر بیرتان بێت لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەمان ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە سەرچاوەکانی داهات لەناو هەرێمی کوردستان زۆر بکرێن و تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، لەوکاتەدا باسمان لەوە کرد کە پێویستە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و پیشەسازی گرنگی پێبدرێت".
مەسرور بارزانی لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتانە گوتی: "لە سەرەتای دەستبەرکابوونمانەوە لەگەڵ وەزیرە بەڕێزەکان لە کابینەی حکوومەت کە لەسەر ئەم کەیسانە ئیش بکەین و چۆن بتوانین پەرەیان پێبدەین، هەندێک هەنگاویشمان هاوێشتووە، بۆ نموونە بوودجەیەکی دیارییکراو تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو، هەروەها بووجەمان تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی سێ سایلۆی گەورە بۆ وەرگرتنەوەی بەروبوومی جووتیاران".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئەم کەرتانە فراوان بکرێن و گرنگییان پێ بدرێت، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییان بە وڵاتانی دەرەوەش کردووە کە بازاڕی دەرەکیش بۆ بەروبوومی ناوخۆ بدۆزنەوە و هەندێک نموونەشیان ناردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە وەک تێست ئەم بازاڕە بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ بدۆزینەوە.
مەسرور بارزانی داوای لە هاووڵاتییان کرد بایەخ بە بەرهەمی ناوخۆ بدەن و گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین، بەڵام زۆریش دەمێنێتەوە لەسەر خواست و ویستی هاووڵاتییان، داواتان لێ دەکەم ئیوەش گرنگی زیاتر بە بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆیی بدەن، و ئێوە دەتوانن زیاتر یارمەتی جووتیاران و پیشەسازانی هەرێمی کوردستان بدەن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بتوانین ئەم کەرتانە بەرەو پێشەوە ببەین".
مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چەند زمان دەزانێت و بە نیازی فێربوونی زمانی دیکە نیت گوتی: "من سێ زمان بەباشی دەزانم کە کوردی و ئینگلیزی و فارسییە، عەرەبیش تێدەگەم و ئەگەر بەتەنها بم لەوانەیە بتوانم ئیشوکارەکانی خۆشم بەڕێوەببەم، بەڵام حەزم لێیە زۆر باشتر فێری زمانی عەرەبی ببم، ئەگەر کات و دەرفەت هەبێت حەزم لێیە فێری زمانی فەرەنسیش ببم".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەوەی کە چەند منداڵت هەیە دەڵێت "من چوار منداڵم هەیە، کچێک و سێ کوڕ، دوویان لە قۆناغی یەکەمی زانکۆن و دووەکەی دیکەش هێشتا لە قوتابخانەن و هەموویانم زۆر خۆش دەوێت".
جێی ئاماژەیە ماوەیەک بەر لە ئێستا سهرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی له ههژماری خۆی له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، لە پۆستێکدا داوای له هاووڵاتییان كردبوو پرسیاری لێبكهن بۆ ئهوهی وهڵامیان بداتهوه.
مهسرور بارزانی له پۆستهكهیدا كه له ههردوو تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبووک و ئینستاگرام، به ههریهک له زمانهكانی كوردی، عهرهبی و ئینگلیزیی بڵاویكردبووهوه، داوایكردبوو له رێگهی هاشتاگی #لێم_بپرسە پرسیارهكانی ئاڕاسته بكرێت و نووسیبووی "ههوڵ دهدهم له ماوهیەکی نزیکدا بەڕێگەی ڤیدیۆ وهڵامی ههندێک له پرسیاره باوهكان بدهمهوه".
پێشتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پۆستێکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کرد کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پرسیاریان ئاراستەکردووە و رایگەیاندبوو، لە دوای پۆلێن کردنی پرسیارەکان بەجۆرێک وڵامەکانی رێکدەخاتەوە کە بتوانێ وەڵامی زۆرینەی پرسیارەکان بداتەوە.
مەسرور بارزانی، نووسیبووی: "سوپاسی زۆرم بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە بە رێگای سۆشیال میدیا پرسیاری جۆراوجۆریان ئاراستەی ئێمە کردووە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردبووە کە بە دەیان هەزار پرسیاری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پێگەیشتووە و رایگەیاندبوو "خۆزگەم دەخواست بتوانم یەک بە یەک وەڵامی گشت خۆشەویستان بدەمەوە بەڵام رێژەی پرسیارەکان لە رادەبەدەرن و ئەمەش نیشانەی پەرۆشی هاووڵاتییانمانە بۆ زانینی پلان و بەرنامەی حکوومەت".
سهرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها نووسیبووی "خۆشبەختانە زۆربەی هاووڵاتییانمان پرسیارەکانیان لەبارەی چەند پرس و بابەتی دیاریکراوە، بۆیە لە دوای پۆلێن کردنیان بەجۆرێک وڵامەکانم رێکدەخەمەوە کە بتوانم وەڵامی زۆرینەی پرسیارەکان بدەمەوە".