Fakhradın Ibrahım Mohammad
11 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، پشتیوانیی لە حکوومەتێک دەکەن کە پابەند بێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی عیراق، محەمەد عەلی حەکیم کردووە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی سەقامگیریی دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کراوەتەوە کە جێی رەزامەندی زۆرینەی خەڵکی عێراق بێت و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان پشتیوانیی لە حکوومەتێک دەکەین کە پابەندبێت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.