Hawkar Yaseen
05 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە هەماهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، برێت مەکگۆرک و راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دیریک شۆلێی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، جۆوی هوود و جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دانا سترۆڵ.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەش داوە کە شاندی ئەمریکا سڵاو و رێزی سەرۆک جۆ بایدن-یان بە سەرۆکی حکوومەت گەیاندووە و ئاماژەیان بەوەداوە کە هاتنی ئەم شاندە، جەختکردنەوەی گرنگیدانی سەرۆک و حکوومەتی ئەمریکایە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
راشیگەیاندووە "شاندی میوان وێڕای ستایشکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بە تایبەتی داعش".
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەربڕیوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشانداوە".
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریکا و گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ کران".