Sarmand Hameed
08 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد، دوای ئەوەی پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکراو و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستانیش بڵاوکرایەوە.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی میکانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا.
مەسرور بارزانی بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە جەختی لەوە کردووە کە ئەنجامدانی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێکتەرەکانیش بگرێتەوە، دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی راستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەکیمانە.
دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد، و گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت راسپێردران بە پێکهێنانی لیژنە لاوەکیەکان و دەستبەکاربوونیان لە زووترین کاتدا لە چوارچێوەی ماددە و بڕگەکانی یاسای چاکسازیی.