Fakhradin Ibrahim Mohammad
08 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە پێشوازی دەکەن لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدرال لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کردووە، رایگەیاندووە کە لەپێناو سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پێشوازی دەکەن لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی کە کاندید کراوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدرال.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی-دا هاتووە: ''ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكیيەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی راستەقینە رێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتواناییی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات. گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و قهیرانانهیه كە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە''.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوەکەیدا جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لە روانگهی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری جددی لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ و لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە.
نێچیرڤان بارزانی داواش لە هەموو لایەك دەكات کە پشتیوانی لە مستەفا کازمی بكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات.