هەولێر
مەحما خەلیل رەخنەی لە كۆمكاری عەرەبی كرد كە لە بەیاننامەی كۆتایی دوایین كۆبوونەوەیان باسی ئێزدییەكانی نەكردووە و داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش كرد بڕیاری پێویست دەربكات.
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری ئێزدییەكان مەحما خەلیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا بۆ ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن تیشكی خستەسەر بارودۆخی ئێزدییەكان و رەخنەی زۆری لە حكوموەتی عێراق گرت و بە "كەمتەرخەم"ی زانین بەرامبەر بە دۆسیەی ئێزدییەكان و ئەو جینۆسایدەی لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی بوونەوە.
مەحما خەلیل لەو كۆنگرەیەدا گوتی: "چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد ئێزدییەكان رووبەڕووی جینۆساید و ریشەكێشكردن ببنەوە لە مێژووی عێراقدا هاوكات لەگەڵ كەمینەكانی دیكە، بەڵام ئەوەی رووبەڕووی بووینەوە لەسەر دەستی داعش گەورەترین تاوانێكە رووبەڕووی مرۆڤایەتی و كەمینەكان بووبێتەوە، پێنج هەزار كچ و ژنی ئێزدی ئێستا لە دەستی داعش بە سەبی كراون كە ئەگەر بە رێژە وەریبگرین دەكاتە 72 هەزار ئافرەت لەسەر ئاستی عێراق، ئایا ئەمە دەبێت لەسەری بێدەنگ بین؟".
خەلیل لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "رۆڵی عێراق لە ئاستی بەدواداچون بۆ ئەو كارەساتە كە كەمینەكان رووبەڕووی بوونەوە زۆر کەمە و بەتایبەت لە قەزای شەنگال، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین سندووقێكی قەرەبووكردنەوەی دادپەروەرانە لە رێگەی لێژنەیەكی وەزارییەوە هەبێت بۆ شنگال و خزمەتكردنی ئێزدییەكان بكرێت. ئێزیدییەكان یەك لەسەر پێنجی عێراقن و پێویستە نوێنەرمان لەسەر ئاستی باڵا لە حكوومەت و دەزگاكان هەبێت".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "داوا دەكەین هێزی نێودەوڵەتی لە پاڵ هێزی پێشمەرگە هەبێت بۆ پاراستنی خەڵكی ئێزدی بۆ ئەوەی ئەو 73 جارەی كە رووبەڕووی جینۆساید بووینەتەوە لە مێژووماندا دووبارە نەبێتەوە. ئێمە كۆنترین ئایین و خاوەنی كۆنترین شارستانییەتین لە وڵاتی رافیدەین بۆیە دەبێت گرنگیی بە ئێزدییەكان بدرێت".
لەبارەی كۆمكاری عەرەبیشەوە مەحما خەلیل نیگەرانیی ئێزدییەكانی دەربڕی و گوتی: "بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەی كۆمكاری عەرەبی لە چەند رۆژی رابردوودا بەداخەوە زۆر نەشاز بوو و بەهیچ شێوەیەك باسی ئێزدییەكان و تاوانەكانی داعشی نەكرد كە بەرامبەر بە گەلی ئێمە كردوویەتی".
هاوكات داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش كرد كە بڕیار دەربكات بۆ پاراستنی كەمینەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە عێراق، چونكە بە بۆچوونی ئەو ئەگەر كار وا بڕوات ئەوە كەمینەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامێنن.
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە دادگەی نێودەوڵەتی لاهای و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و سەرجەم رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە جیهان كرد تاوانەكانی داعش دژی ئێزدییەكان بە جینۆساید بناسن و بە ئەركی خۆیان هەستن.
هەروەها سوپاسی حكوومەت و گەلی كوردستانی كرد كە رێگەیان خۆش كردووە بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەكان و هەرێمیان كردووەتە شوێنیكی ئەمن بۆ كەمینەكان. لەبارەی حكوومەتی عێراقیشەوە گوتی: "حكوومەتی عێراق وەكو پێویست كاری بۆ چارەسەریی ئازارەكانی ئێزدییەكان نەكردووە. هەست دەكەین پەراوێز خراوین لە عێراق و بەهیچ شێوەیەك حكوومەت گوێمان لێ ناگرێت".
گوتیشی پێشتر داوای خۆبەڕێوەبەرێتییان كردووە و حكوومەتی مالیكیشی بە بەرپرس زانی لەوەی كە تووشی ئێزدییەكان بووە، گوتیشی: "ئێستا داواكارین بەزووترین كات پەلە بكرێت لە ئازادكردنی موسڵ".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیشدا لەبارەی جینۆسایدی ئێزدییەكانەوە گوتی: "ئەوەی رووبەڕووی ئێزدییەكان بوویەوە رووبەڕووی هیچكەس و گەلێك نەبووەتەوە، ئەوەی ئێزدییەكان رووبەڕووی بوونەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی رووی نەداوە. سەبی كردنی پێنج هەزار ئێزدی بەرامبەر هیچ میللەتێك رووی نەداوە. ئەوەشی بەرامبەر بە ئێمە كراوە تەنها بەهۆی ئێزدی بوونمانەوە بووە لە رووی ئایین و نەتەوەكەمانەوەیە كە كوردین".
باسی لەوەش كرد كە تیمێكی دادگەی تاوانەكانی نێودەوڵەتی لە سووریان و بەم نزیكانە سەردانی عێراقیش دەكەن، ئەو بە نیگەرانیشەوە رەخنەی لە هەندێك لە عەشیرەتەکانی عەرەب گرت كە بە قسەی ئەو رێخۆشكەربوون بۆ روودانی ئەو كارەساتانەی تووشی ئێزدییەكان بووە و گوتی: "بەشێك لەو عەشیرەتانە هاوكاری داعشیان كردووە و زۆر بە سەختی لە دژی ئێزدییەكان وەستاونەتەوە، پێیان دەڵێین واز لەو كارانە بهێنن".
مەحما خەلیل سوپاسی ئەو جەنگاوە ئێزدییەكانەش كرد كە رێگربوون لە هێرشی پتری داعش بەتایبەت بۆ مەزاری شەرەفەدین لە نزیك شنگال. گوتیشی: "داوا لە حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەكەین خەڵكی شنگال لە رووی مەعنەوی و دەستووری و یاساییەوە قەرەبوو بكرێنەوە". ناوبراو روونیشیكردەوە "حكوومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەك نە یارمەتی دەروونی نە یارمەتیی مادی و نە یاسایی پێشكەشی ئەو ئافرەتانە نەكردووە كە لە دەستی داعش رزگاریان بووە و هێنراونەتەوە". باسی لەوەش كرد كە حكوومەتی ئەڵمانی و دانیماركی گرنگیی بەو ئافرەتانە دەدەن كە لە دەستی داعش رزگاركراون.
پەرلەمانتارە ئێزدییەكەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتایی قسەكانیدا داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كاری زیاتر بكەن بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزدییانەی لەدەستی داعشدا ماون.