ھەولێر
چەکدارانی عەشیرەتەکانی موسڵ دەڵێن بەمنزیکانە یەک لە سێ ئەفسەری کۆنی کاندید بۆ پۆستنی پارێزگا یەکلایی دەکەنەوە و دەتوانن لەپارەکانی بانکەکانی موسڵ مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران بدەن.
گوتەبێژی چەکدارانی عەشیرەتەکانی موسڵ عەلی میعماری کە خۆیان بە (شۆڕشگێڕانی عەشیرەتەکان) ناودەبەن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ بارودۆخی ئەمنیی شاری موسڵ ئارامە و ھاوڵاتییان ئاسایی ژیانی رۆژانەیان بەڕێ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ کارەبا و ئاو و سوتەمەنی گەورەترین کێشەی شارەکەن و لەھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنییان.
میعماری کە رەتی دەکاتەوە زۆرینەی موسڵ بەدەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و چەکدارانی خەلافەتەکەیەوە بێت، له ههمان كاتدا سوورە لەسەر ئەوەی داعش لەنێوان ١ تا کەمتر لە سهدا ٥ی رووبەری موسڵیان بەدەستەوەیە و گوتی: "ئەو گرووپە چەکدارییانەی لەموسڵن بەدەیان گرووپ دەبن کە بەھێزترینییان چەکدارانی شۆڕشگێڕانی عەشیرەتەکانە کە بەشی ھەرە زۆری موسڵیان بەدەستەوەیە، داعشیش کەمتر لە سهدا ٥ی موسڵی بەدەستەوەیە، ئەو قسانهی پێچهوانهی ئهوهن راگەیاندنی مالیکییە و بۆ شێواندنی شۆڕشەکەمان ئهو قسانه بڵاو دهكاتهوه."
لەبارەی ھەڵوێستی عەشیرەتە راپەڕیوەکانی موسڵ لەبهرامبهر خەلافەتەکەی داعش کە پێش چەند رۆژێک رایگەیاند و دواتر وێنەی تەقاندنەوەی ژمارەیەک حوسێنییەی شیعە و چەند مەزارگە و ئیمامێکیان بڵاوکردەوە، میعماری گوتی: "ئێمە دژی ئەو خەلافەتەی داعشین و بەیعەتی پێنادەین، ئێمە دژی تەقاندنەوەی شوێنە پیرۆزەکان و حوسێنییە و مەزارگەی پیاوچاکانیین، دژی خەلافەتێکین دژایەتی کەمینەکانی وەکو مەسیحی و ئێزیدی و شوێنە پیرۆزەکانییان بکا."
عەلی میعماری گوتارهكهی ھەینیی رابردووی خەلیفەکەی داعش ئەبو بەکر بەغدادی لە مزگەوتی گەورەی موسڵ بە ئاسایی دەزانێ و گوتی: "وەکو ھەر زانایەک گوتاری داوە و گوتارەکەی سیاسی نەبوو، بۆیە ئەو شتە بە قورس وەرناگرین."
ههروهها ئاماژەی به گرتنەبەری رێوشوێنی توند لەلایەن داعشەوە كرد لەکاتی گەیشتنی بەغدادی بۆ ئەو مزگەوتەی ناوەڕاستی موسڵ و دەڵێ ئامێرێکییان ھێناوە تۆڕی پەیوەندیی مۆبایلی لە زۆر ناوچەی موسڵ بڕیوە و گوتی: "لە تەکنەلۆژیا داعش زۆر پێشکەوتوون و ئامێری نوێ و شتی زۆر سەیریان ھەیە کە بە بۆچوونی ئێمە پشتیوانیی وڵاتانی زلھێزیان لەپشتەوەیە وەکو ئەمریکا بەھاوکاری ئێران."
لەمەڕ شوێنەکەشییەوە گوتی: "ئەبوبەکری بەغدادی ھات بۆ موسڵ و دواتر دیار نهما، ئەو لەنێوان عێراق و سوریا ھاتوچۆ دەکا و نازانیین شوێنی لەکوێیە ئێستا."
میعماری کە داعش بە دروستکراوی ھەواڵگریی ئێران بەھاوکاری مالیکی دەزانێ، زانیاریی نوێی لەبارەیانەوە دا و گوتی: "ئەوان گرووپێکی تێکەڵەن، ئێرانیشیان تێدایە، چەکداری عەشیرەتەکانیشیان تێدایە، پێمانگوتوون کە ھەڵەیان زۆرە و دەبێ چاک بکرێ، بۆیە نامەوێ ئێستا شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی موسڵ دروست ببێ، دوای ئازادکردنی بەغدا لەگەڵیان دادەنیشین و بە ئاشتی پێیان دەڵێین کە بڕۆن و عێراق بەجێ بھێڵن.
گوتەبێژ بەناوی (شۆڕشگێڕانی عەشیرەتەکان) لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ ئەوەی لە عێراق روودەدات شۆڕشی عەشیرەتەکانە و ئاشکراشی دەکات ھەنگاوی سێھەمیان پاش موسڵ و تکریت بەغدایە و دەڵێ" بەغدا لە سەعاتی سفردایە.
لەبارەی پلانەکانیشیانەوە عەلی میعماری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چوار خاڵی گرینگ له پرۆگرامانندا ههیه. دەمانەوێ ئاسایش بەرقەراربکەین، یاسا و داپەروەریی بسەپێنین، پاشان مووچەی فەرمانبەرانیش بدەین و خزمەتگوزاری باشتر بکەین، ئینجا پارێزگارێکی نوێش بۆ موسڵ دابنێین کە ئێستا سێ ئەفسەر پاڵێوراون بۆ ئەو پۆستە و ھەرسێکیان ئەفسەری کۆنن، دووانیان سەربەخۆن و یەکێکیشیان لەسەر رژێمی پێشووی عێراق حسابە."
لەبارەی چۆنییهتی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لەکاتێکدا حکومەتی ناوەندی بودجەی ئەو پارێزگایەی بڕیوە، میعماری دەڵێ بەنیازن لە چەند رۆژی داھاتوو موچەی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی موسڵ لەو گەنجینەیە بدەن کە لەژێر دەستی ئەواندایە لەو پارانەی لە بانکەکانی موسڵن و گوتی: "ئێمە بەو پارەیە دەتوانیین موچەی چوار تا شەش مانگی فەرمانبەرانی موسڵ بدەین."